نزیکەی هەزار تۆن پیاز لە سێمێل ساغ دەکرێتەوە
K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند، لە سێمێل نزیکەی هەزار تۆن پیاز هەیە و لەناوخۆ و دەروەی هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، بە کوردستان24ـی گوت: "بەو هۆیەی کە بەرهەمی پیاز لەم وەرزەدا زۆرە نرخەکەی دادەبەزێت، لەمساڵدا بەهاکە هێندە دابەزیبوو، کیلۆی بە 250 دیناریش نەدەفرۆشرا، ئێستا کەمێک گرانتر بووە، چونکە بەرهەمی ناوخۆ کەمبووتەوە تەنها ئەوەی کۆگاکان ماوەتەوە، ئێستا لە سنووری دهۆک 1400 تۆن پیاز هەیە، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین بەرهەمەکە بۆ ماوەیەکی درێژ کۆگا بکەین و لە هەمانکاتدا بڕەکەی زیاد بکەین، بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرز نەبێتەوە".
گوتیشی: "لە سێمێل 550 دۆنم زەوی بە پیاز داچێنراوە، لە شێخان پێنج هەزار و 800 دۆنم، بەردەڕەش هەزار و 700 دۆنم و لە ئاکرێش دوو هەزار و 500 دۆنم زەوی، بە گشتی 10 هەزار و 550 دۆنم زەوی لە سنووری دهۆک بە پیاز دادەچێنرێت، لە هەردوو جۆر پیاز "سوور و سپی"،و خڕ و درێژ" کۆگا دەکرێن".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، دەشڵێت: "لە سێمێل نزیکەی هەزار تۆن پیاز هەیە و لە شێخانیش نزیکەی 475 تۆن، بەم نزیکانە لەناوخۆ و دەروەی هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێتەوە".
راشیگەیاند: "له‌سنوورى سێمێل زیاتر له 20 كۆگا هه‌یە كه خاوه‌ندارێتیان بۆ جووتیاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ئێمه‌ش سه‌رپه‌رشتى و چاودێرییان ده‌كه‌ین، هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆکیش 126 كۆگا هه‌یە، له كۆگاكانى دیكه‌ش له سنووره‌كه كه ئه‌مساڵ زیاتر له 50 هه‌زار تۆن په‌تاته‌یان تێدا كۆكرابۆوە، به‌ڵام له‌و رێژه‌یه ئێستا ته‌نیا نزیكه‌ى پێنج هه‌زار تۆن له په‌تاته و بنه‌تۆوه‌كه‌ى ماوه و ئه‌وه‌ى دیكه‌ى هه‌مووى ساغكراوه‌ته‌وه".
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی کوردستان24، به‌راورد به شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقیش، دهۆك زۆرترین ژماره‌ى كۆگاى ساردكه‌ره‌وه‌ى لێ دروستكراوه، بۆ کۆکردنەوەی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان، له سنوورى ئه‌و پارێزگایه.
ئا: لاڤین عومەر