رۆژانە زیاتر لە 200 نەخۆشی گورچیلە بێ بەرامبەر گورچیلەکانیان دەشورێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر :

رۆژانە زیاتر لە  200 نەخۆش کە گورچیلەکانیان وەستاوە، سەردانی سەنتەری گورچیلەی دەستکرد لە هەولێر دەکەن بە مەبەستی شوشتنەوەی گورچیلەکانیان.

لەو سەنتەرەدا مانگانە پێنج هەزار کاری شوشتنەوەی گورچیلە ئەنجامدەدرێت. تەواوی خزمەتگوزراییەکانیش بۆ نەخۆسەکان بێ بەرامبەرە. لە کاتێکدا لە نەخۆشخانە تایبەتیەکان شوشتنەوەی گورچیلە بۆ یەکجار تێچووەکەی 450 هەزار دینارە.

هیجران عەلی، نەخۆشێکی گورچیلەی خەڵکی پارێزگای ئەنبارە و بە کوردستان24ـی گوت: " سێ ساڵ و نیوە سەردانی سەنتەری گورچیلەی دەستکرد دەکەم". ئاماژەی بەوەش کرد، لەبەر خزمەتگوزارییەکانی ئەم سەنتەرە، ماڵی هێناوەتە هەرێمی کوردستان و "ئەگەر نەیەین بۆ سەنتەرەکە لە هەولێر، ژیانمان لە مەترسیدا دەبێت".

یەعرووب  ئیسماعیلیش  نەخۆشی گورچیلەکانی هەیە و ئەوەی خستەڕوو: "ساڵی 2014 گورچیلەم چاند، ساڵی 2020 بەهۆی تووشبوونم بە کۆرۆنا گورچیلەکەی چاندبووم وەستا. لەدوای ئەوەی گورچیلەکانم وەستاوە، دێمە ئەو سەنتەرە  و گورچیلەکانم دەشۆمەوە". لەگەڵ ئەوەشدا ستایشی ستافی سەنتەری گورچیەلەکەی کرد کە لەگەڵ نەخۆشەکاندا 'مامەڵەیەکی زۆر باش' لەگەڵ نەخۆشەکان دەکەن.

لە سەنتەری گورچیلەی دەستکرد، 665 نەخۆش کە گورچیلەکانیان نەماوە ناویان تۆمار کراوە، لەو رێژەیە زیاتر لە سەدا 30 هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن  و، مانگانە پێنج هەزار شوشتنەوەی گورچیلە بۆ نەخۆشەکان ئەنجام دەدرێت.

دکتۆر مەجید حەسەن شێخانی،  بەڕێوبەری سەنتەری گورچیلە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو پاشماوەی کەڵەکە دەبێت  لەو کەسانەی گورچیلەکانیان پەکی کەوتووە، ئێمە لەڕیگەی ئامێرێکی دەستکردەوە کە وەک گورچیلەیەکی دەستکردە خوێنەکە پاک دەکاتەوە  لە رێگەی فلتەری تایبەتەوە، ئە کەسان دێن لەرێگەی کارمەندی راهێنراوی تایبەتی پسپۆر، لە رێگەی ئامێر و فلتەری  تایبەت ئەو پرۆسەیان بۆ ئەنجام دەدەین کە کەمترینیان سێ کاتژمێری پێویستە. هەندێ لە نەخۆشەکان پێویستیان بە چوار کاتژمێرە، چونکە پرۆسەکە تەنها شوشتن نییە، بەڵکو لادانی ئاوی زیادیشە، بۆ ئەوانەی پرۆسەی میزکردنیان باش نییە".

جگە لەو کەسانەی گورچیلەکانیان وەستاوە، 2600 نەخۆشیش کە گورچیلەکانیان سست و نەخۆشە، مانگانە دەرمان لە سەنتەرەکە بۆ چارەسەری وەردەگرن .