شنیار مەهدی: زۆربەی ئاوازەکانی ئێستای هونەری کوردی بیانین

K24 - هەولێر

 شنیار مەهدی میوزیکژەن، باس لەکارە میوزیکییەکانی و ئاوازی فۆلکلۆر و بیانی دەکات و دەڵێت، بەشێوازێکی نوێ کار لەسەر میوزیکە کۆنەکان دەکەم.

میوزیکژەن شنیار مەهدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان24 گوتی: لە ساڵی 2006 دەستم بەکاری میوزیک کردووە لە رێگای هاوینەی منداڵپارێزانی کوردستان، کە ئەوکات پۆلی دووی سەرەتایی بووم، لەلایەن مامۆستا ئالان فێری ژەنینی فلوت کراوم، لەوکاتەوە بەردەوام رۆحم تێکەڵی میوزیک بووە و لەچەندین کۆنسێرتی پەیمانگا بەشداریم کردووە، هونەر بۆتە پارچەیەک لەگیانم، چونکە هونەر جوانییەکی بێ هاوتای پێ بەخشیوم و کچۆڵەیەکی بەرزفڕ بەدیار ژەنینی ئامێرەکەیەوە سەمای ژیان دەکات، پێ لە غرووری خۆی دەنێ و بەدوای جوانی و ئەوین و خۆشەویستی هونەرەکەی دەکەوێت.

ئەو میوزیکژەنە گەنجە باس لە ئاوازی فۆلکلۆری کوردی و بیانی دەکات و رایگەیاند، زۆربەی ئاوازەکانی ئێستای هونەری کوردی بیانین و ئاوازی فۆلکلۆری کوردی کەم بەکاردەهێنرێت، هەر ئەوەش وای کردووە گۆرانییەکان تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم لەناو خەڵکدا بمێنێتەوە، پێویستە هونەرمەندی کورد تەنیا بیر لە بەدەستهێنانی پارە نەکاتەوە، چونکە بەرهەمی جوان بۆ هونەرمەند لە هەموو سەروەت و سامانی دونیا گرنگترە و تاهەتایە ناوی لەمێژووی میوزیک و گۆرانی کوردی دەمێنێتەوە.

شنیار مەهدی دەیەوێ بەشێوازێکی نوێ کار لەسەر میوزیکە فۆلکلۆرییەکان بکات و گوتی: بەشێوازێکی نوێ کار لەسەر میوزیکە فۆلکلۆرییەکان دەکەم و قالبێکی نوێیان پێ دەبەخشم و ئاشنای گەلانی تری دەکەم، بۆ ئەوەی چیتر گرینگی بە میوزیکە بیانییەکان نەدرێت و کار لەسەر میوزیکی ناوخۆ بکرێ بۆ جوانترکردنی هونەری کوردی.

ئەو میوزیکژەنە، باس لە تایبەتمەندی ئەو ئامێرە دەکات، کە دەیژەنێت و دەڵێت: ئامێری فلوت دەژەنم، ئامێری فلوت یەکێک لە ئامێرە فودارە تەختەیەکانە، خۆی لە بنەڕەتدا ئامێرێکی رۆژئاواییە، بەڵام ئێمە بە گوێرەی باروودۆخ و شوێنی خۆمان جگە لە کاری رۆژئاوایی کلاسیکی کردوومانە بە ئامێرێکی تەواو رۆژهەڵاتی (شەڕقی) کە زۆرینەی زۆری مقامە رۆژهەڵاتی و کوردیەکانی پێ دەژەنین.

میوزیک و بە تایبەت گۆرانی کوردی گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام تا ئێستا زۆرێک لەم ئاوازە جوان و رەسەنانە لەوانەیە نەبیسترابن یاخوود نەکەوتونەتە بەر گوێ،  ئەگەرنا خامێکی ئێجگار جوان و ناوازەمان هەیە ئێمەی کورد.

گوتیشی: میوزیک بەهرەیە، جوانییە، عەشقە، لە ئەنجامدا ئارامیمان دەست دەکەوێت.

جوانی دەنگی ئامێری فلوت و ئەو میوزیکانەی، کە لە خەیاڵمدا گەڵاڵەکراون بۆ ئەوەی بیانکەم بە کاری میوزیکی لە بازنەیێکدا دەخولێنەوە، تەنیا لە جوانی پێکهاتوون.

هیچ گەلێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندەی میوزیک و گۆرانی کوردی دەوڵەمەند نییە، بەڵام کێشەی میوزیکی کوردی ئەوەیە کە خەمخۆری نییە، لەسەر ئەو کەموو کورییەش و ئەو هەموو بە تورک و فارسی و عەرەبیکردنە، هێشتا میوزیکی کوردی زۆر زیاتر لەو گەلانە دەوڵەمەندترە لە گۆڕەپانەکە.  بەداخەوەم بۆ ئەم میوزیکانەی ئێستا گەنجەکانمان بەکاری دەهێنن، لەبەر ئەوەی هەڵبڕاون لە میوزیکی کوردی و ئەو میوزیکە دووبارە کراوانەی کە لە کولتوور و هونەری کوردیان دزیوە، ئێستا بەشێوەی تورکی و فارسی و عەرەبی و کۆمەڵیک شتی تر گوێچکەی خەڵکی پێ ئازار دەدەن، کە هیچ تام و بۆ و رەسەنایەتی کوردی پێوە دیارنییە، لەگەڵ ئەوپەری رێزم بۆ گەنجەکانمان، کە گەنجی زۆر بەتوانا و بەهرەداریان تێدایە.

میوزیکژەن شنیار مەهدی، تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی شاری سلێمانییە، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە و لەساڵی 2006 دەستی بەکاری میوزیک کردووە.