100 کوڕ و کچی ئەفغانی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییان ئه‌نجامدا

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە ئەفغانستان 100 بووک و زاوا لە ئاهەنگێکی بەکۆمەڵ چوونە ناو قەفەسی زێڕین، کە پێشتر بەهۆی خراپی دۆخی داراییان لە توانایاندانەبوو بەتەنیا ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن.

لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، جیاواز لە ئاهەنگەکانی دیکە، 100 کوڕ و کچی ئەفغانی چوونە ناو قەفەسی زێڕین.

لە کاتێکدا ئەفغانستان بە دۆخێکی خراپی دارایی تێدەپەڕێت، ئەو ئاهەنگە بەکۆمەڵە بەڕێوەچووە تا تێچووی ئاهەنگەکە کەمتربێت.

روحوڵڵا رەزایی، زاوایە و باس لەوە دەکات، " ئاهەنگێکی هاوسەرگیری نزیکەی دوو هەزار 800 تا سێ هەزار و 600 دۆلاری تێدەچێت، بەڵام لەو ئاهەنگە 140 تا 210 دۆلاری تێدەچێت. 35 کەسمان بانگهێشت کردووە، ئەگەر ئاهەنگەکە بەجیاواز بەڕێوەچووبا 300 تا 400 کەس بانگهێشت دەکران."

هەندێک لە بوک و زاواکان زیاتر لە 10 ساڵە لێک مارەکراون، بەهۆی زۆری تێچوو نەیانتوانیوە زووتر ئاهەنگی هاوسەرگیری بکەن.

سەید ئەحمەد، رێکخەری ئاهەنگەکە ئاماژەی بەوە کرد، "لێرە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بە کۆمەڵ دەبینین. هەندێکیان شەش ساڵ و 10 ساڵ 12 ساڵ لێک مارەکراون.  یەکێک لە زاواکان 16 ساڵە هاوسەرەکەی مارەکردووە."

بەهۆی یاساکانی تاڵیبان، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە بەبێ بەشداری کردنی بووکەکان لە هۆڵی ئاهەنگەکە و هەروەها بەبێ موزیک و سەما بەڕێوەچوو، هەریەک لە بووک و زاواکان چەندین دیاری جۆراجۆرییان پێدرا و لەلایەن رێکخەری ئاهەنگەکەوە یارمەتی داراییان پێشکەشکرا.