سیاسەتمەدارێک: لاوازی ئیدارەی بایدن بووەتە هۆکاری هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا

ئینتیفاز قەنبەر
ئینتیفاز قەنبەر

K24 - هەولێر

سیاسەتمەدارێک لە واشنتن رایگەیاند، لاوازی ئیدارەی بایدن وایکردووە، گرووپەکانی سەر بە ئێران و خودی ئێران دەستوەردان بکات و هێرش بکرێتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە کوردستان وعێراق و سووریا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی2023، ئینتیفاز قەنبەر، سیاسەتمەدار و سەرۆکی دامەزراوەی "ئەلمستەقبەل" لە واشنتن، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری یەکەم، ئەوەیە کە ئیدارەی بایدن، لە رێگەی ئاشتەوایی و نزیکبوونەوە لەگەڵ ئێران و هەوڵی رێککەوتنی دەدا، بۆیە لە یەکەم رۆژی ئیدارەی بایدنەوە بە هەموو تواناکانییەوە هەوڵی داوە رێگری لە هەر جۆرە ناکۆکییەک لەگەڵ ئێران بکات و هەوڵی سووککردنی سزاکانی سەر ئێرانیشی دەدا، تەنیا بۆ ئەوەی بگات بە رێککەوتنی ئەتۆمی.

قەنبەر گوتیشی: هۆکاری دووەم ئەوەبوو کە "بایدن لە یەکەم رۆژی دەسەڵاتییەوە، وەک سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵیداوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیربکات و بەم شێوەیە بچێتە ناو هەڵبژاردنەکانی 2024 و بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو بووەتە هۆکاری ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیربێت، لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆییدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی گێژاو کردبوو، بە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەوانی دیکە.

دەشڵێت: بۆیە ئیدارەی بایدن کۆمەڵێک هەنگاوی نا ئەویش بووە هۆی ئەوەی پێچەوانەی ئیدارەی ترامپ بێت، لەوانەش دوژمنایەتی نەکردن و لادانی سزاکانی سەر ئێران، ئەمەش رێگایەک بوو بۆ سڕینەوەی ئیدارەی ترامپ بەرامبەر بە ئێران، هەموو ئەمانە یەک شتیان لێدەکەوێتەوە، ئەویش هەوڵدان بووە بۆ ئاشتبوونەوەی ئێران بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێت، بەڵام ئەم سیاسەتەی ئیدارەی بایدن لە چرکە ساتێکدا وێران بوو و شکستی خۆی سەلماند کاتێک حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر.

ئەو سیاسەتمەدارە باسی لەوەشکرد، "ئیدارەی بایدن روویکردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە سەرکەوتوو بووە لە سەقامگیرکردنەوەی ناوچەکانی عێراق، یەمەن، سووریا و ئیسرائیل تا غەززە، شەڕەکەش لە تەقینەوەیەکی نێوان حزبوڵڵا لە لوبنان و ئیسرائیل دەستی پێکرد و ئەمجۆرە شکستەی سیاسەت، وایکردووە ئیدارەی بایدن سەریی لێبشێوێت، هەروەها کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا لە ئیدارەی بایدندا سەرکردایەتی ئیدارەکە دەکەن، لەوانە بێرت باکێرت و جاک سێربین، کە کارییان دەکرد بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران، ئەوان بەم کارە سەرییان سووڕما و شکستییان هێنا، رووداوەکان سەلماندییان کە ئاشتەوایی لەگەڵ ئێراندا، نزیکبوونەوە لێی و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران واناکات کە ئێران باشتربێت، بەڵکو وا دەکات زیاتر دوژمنایەتی و سەرلێشێواوی لە ئیدارەکەدا دروستبکات و ئێران زیاتر دەست وەربداتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئێستا ئیدارەی بایدن لە دۆخێکی سەرلێشێواویدایە، تەنانەت لە دۆخێکی ئاژاوەی سیاسیشدایە، هێشتا وابیر دەکاتەوە ئاشتی لەگەڵ ئێراندا بەدەست دەهێنێت، بەڵام راستییەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە پێچەوانەکەی دەبینرێت".

قەنبەر ئەوەشی خستەڕوو، کە ئیدارەی بایدن هەوڵدەدات خۆی لە وەڵامدانەوەی حوسییەکان و لێدانی کەشتییەکان لە کەنداو لە دەریای سووریشدا، بەدوور بگرێت، بەهەمان شێوە هەوڵی ئەوەش دەدات کە هێرش بۆ سەر ئێران فراوانتر نەکات یان هێرش نەکاتە سەر هاوپەیمان و بریکارەکانی ئێران لە عێراق، ئەمەش وایکردووە گرووپەکانی سەر بە ئێران و خودی ئێران دەستوەردان بکات و تەنانەت هێرشیش بکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم سەرلێشێواوییە لە سیاسەتدا دۆخێکی وای لێدەکەوێتەوە، کە وەک ئەوە وایە بایدن بە ئەنقەست هەڵیبژاردبێت.

گوتیشی: لەوەتەی بایدن هاتۆتە ناو حکومەت، ئەندامانی حکومەتەکەی لاوازن و کەمتەرخەمن لە سیاسەتەکانی دژ بە ئێران، هەر بۆیە هەموویان شۆک بوون کەهێشتا ئامادەنین و ناتوانن لە ئێران بدەن و وەڵامی بدەنەوە، هەروەها بایدن بەدەست دابەزینی رێژەی بەرچاوی جەماوەرییەوە دەناڵێنێت، کە بووە هۆی لەناوچوونی پێگە گەورەکەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، رەنگە ئەگەر ترامپ درێژە بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بدات و رێگری لێ نەکرێت، ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمەریکا کە لە تشرینی دووەمی 2024 بەرێوەدەچێت، سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.

ئا: لاڤین عومەر