لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ یاسای دادگای فیدراڵی پێكده‌هێندرێت

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونه‌ به‌ پڕۆژه‌ یاسای دادگای فیدراڵی پێكده‌هێنێت.

نووسینگەی راگەیاندی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق راوێژکاریی کاروباری دەستووری راسپاردووە بۆ ئەوەی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پێکبهێنێت کە حکومەت لە ساڵی 2015 ئامادەی کردووە بەڵام پەسەند نەکراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەت رەشنووی پڕۆژەیاساکەی ئامادەکردووە و هەوڵی داوە پێداچوونەو بە هەندێک دەق و تەوەر بکات کە لە خوولەکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، جێگەی ناڕەزایەتی بوون .

نووسینگەی راگەیاندی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، رەشنووسەکە لەرووی ناوەڕۆکەوە باشتر کراوە.

هاوکات جەختیش لەوە کراوەتەوە، حکومەت رژدە لەسەر ئەوەی لەگەڵ تەواوی هێزە سیاسی و نیشتمانییەکان راوێژ لەبارەی رەشنووسی پڕۆژەیاساکە بکات.

دادگای باڵای فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لەعێراق، ئەرکی ئەو دادگایە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانە لەبارەی دەستوورەوە، ئەم دادگایە بەیاسایەکی وه‌زاری لە ساڵی 2005 پێکهێنراو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 45ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لەخولی چوارەمی ھەڵبژاردنی خۆیدا، کە لە رێکەوتی 18ی ئاداری 2021 بەڕێوەچوو، هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005ی دادگای باڵای فیدراڵی کردو پێکهاتەی نوێی دادگاکە راگەیەندرا.