لەبارەی نەشتەرگەری بۆ ئافرەتانی دووگیان هۆشداری دەدرێتە پزیشکان

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری بە پزیشک و نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان داوە، بۆ هەڵبژاردنی رێکەوتی جوان بۆ هاتبە دونیای منداڵان، نەشتەرگەری  بۆ ئافرەتانی دووگیان نەکەن، ئەوەش روونکراوەتەوە ئەگەر کاری وابکەن، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە بەتایبەتی ئەوانەی خوازیارن  لە نزیکی سەری ساڵ و رێکەوتی 1/1 منداڵەکانیان لەدایک ببێت.

هەر بۆ ئەو مەبەستە، وەزارەتی تەندروستی لیژنەی تایبەتی بۆ چاودێری نەخۆشخانەکان پێکهێناوە و سەرپێچیکارانیش سزا دەدرێن.

سەعدیە عەبدولخالق، ئافرەتێکی بە تەمەنە لە نەخۆشخانەی لە دایکبوون و منداڵانی هەولێر چاودێری نەوەکەی دەکات کە چەند رۆژێکە لە دایکبووە، ئەو دەڵێت: "ئێمە نەمانهێشت لە دایکبوونی نەوەکەم دوبخرێت بۆ 1/1، گوتمان دکتۆر چ بڕیارێک بدات ئەوە دەکەین، پێمان خۆش نییە رێکەوتی لە دایکبوون بگۆڕین و پابەندی رێنماییەکانی پزیشک نەبین".

لە مانگی ئاداری 2023 نەشتەرگەری ئافرەتانی دووگیان بۆ منداڵبوون لە رێکەوتی جوان قەدەغە کراوە، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانیش لە هەولێر دەڵێت: تەنیا بە بڕیاری لێژنەی تەندروستی نەشتەرگەری دەکرێت .

شادان شێروان حەیدەری، بەرێوەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "ئافرەتانی دووگیان لەلایەن لیژنەی زانستی نەخۆشخانەکەمان دەبینرێن، هەر کاتێک گونجاوبوو بۆ دایک و کۆرپەکە ئەوکات نەشتەرگەری بۆ دەکەین، هاوکات ئامۆژگاری دایکان دەکەین لەوبارەوە"

وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە بە وردی لە سەری ساڵەوە لە رێگای لیژنەی تایبەتی خۆیان چاودێری وادەی لەدایکبوونی منداڵان بکەن، هەر کەسێک سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات سزا دەدرێت.

سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ی گوت: "بۆمان دەرکەوتووە لەبەر دیاریکردنی ئەو رێکەوت بۆ لەدایکبوونی منداڵات، قەرەباڵغییەکی زۆر لە نەخۆشخانەکان دروست دەبێت، لەلایەکی دیکە پێشخستنی وادەی لەدایکبوونی منداڵان مەترسی دەخاتە سەر تەندروستی دایک و کۆرپەکە".

 بەشێکی زۆر لە ئافرەتانی دوگیان تەنیا بۆ رێکەوتی جوان و سەرنجڕاکیش لە نەخۆشخانەکان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، بەڵام زۆرجار خۆیان یان کۆرپەکەیان تووشی کێشەی تەندروستی دەبێت.