سەباح سوبحی: یاسای نەوت و غاز مەترسیی لەسەر گەندەڵییەکانی عێراق دروستدەکات

سەباح سوبحی حەیدەر
سەباح سوبحی حەیدەر

K24 – هەولێر :

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز مەترسیی لەسەر گەندەڵییەکانی عێراق دروستدەکات.

ئەمرۆ پێنجشەممە ( 28-ی کانوونی یەکەمی 2023)، ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا، پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کردووە بە پەسەندنەکردنی یاسای نەوت و غاز، دەشڵێت: ئەو یاسایە کۆتایی بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دێنێت لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لە هەرێمەکە.

لەلایەن خۆیەوە، سەباح سوبحی حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە ساڵی 2007ـەوە داوامان کردووە یاسایی نەوت و غاز پەسەند بکرێت و جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوە هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی سوننە و شیعەکان و حکومەتی فیدراڵی، رەشنووسێکیان دەرکرد، بەڵام جێبەجێنەکرا، لە ساڵی 2011 دووبارە رەشنووسێکی دیکەیان تاک لایەنە ئامادەکرد بەبێ هەرێمی کوردستان، ئەوەش هەر سەرکەوتوونەبوو، دەشڵێت: بڕیارنەدان لەسەر یاسای نەوت و غاز هۆکارەکەی پارتە کوردستانییەکان نیین، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئیرادە لەلایەن پارتە سیاسییە شیعی و سوننییەکانی عێراق، لەبەر ئەوەی بە  پەسەندکردنی یاسایی نەوت و غاز، مەترسیی لەسەر گەندەڵییەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دروستدەبێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، گوتاری سیاسییان لەگەڵ پەسەندکردنی مافی دەستووریی خەڵکی کوردستانە بەو یاسایانەی کە پەیوەندیان بە نەوت و غازەوە هەیە.

لەبارەی رای هەرێمی کوردستانیش سەبارەت بە پرۆژەیاسایەکی نوێ بۆ یاسای نەوت و غاز، سەباح سوبحی حەیدەر گوتی: ئەو پرۆژەیاسایەی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی دایڕشتووە، وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی  کوردستان لە پەرلەمانی عێراق چەندین تێبینیمان هەیە لەسەری، پێویستە ئێمە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو پارێزگایانە بکەین کە بەرهەمهێنەری نەوتن وەکو بەسڕە و میسان، زیقار و بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش، هەر یەک لەو پارێزگایانە ئیرادەی لامەرکەزیەت بچەسپێنن لەنێو ئەو یاسایەدا.