گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەمساڵ بێگەرد تاڵەبانی تەنیا سێ گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامداوە

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە لەبارەی ژمارەی گەشتەکانی بێگەرد تاڵەبانی بۆ دەرەوەی وڵات و رایگەیاندووە، وەزیری کشتوکاڵ لە 2023 تەنیا سێ گەشتی ئەنجامداوە.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "بەداخەوە لەلایەن هەندێک پەیج و کەس و گرووپ، بە مەبەستێکی ئامانجدار و راسپێردراو چەند هەواڵێکی بێ مۆراڵ و بێ بنەمایان بڵاوکردووەتەوە،کە گوایە بێگەرد تاڵەبانی لەماوەی تەنیا ساڵێکدا 40 گەشتی ئەنجامداوە، ئەم ژمارەیە نەک هەر راست نییە بەڵکو خواستێکی چەواشەکارانەیە، وەزیری کشتوکاڵ لە ساڵی 2023 تەنیا سێ گەشتی ئەنجامداوە و هەموو گەشتێکی دەرەوەی وڵات بە ئاگاداری و رێکاری تایبەتی فەرمی حکومەتی هەرێم و لایەنی وڵاتی رێکخەری شاندەکان بووە".

لەبارەی گەشتەکانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکردووە، بێگەرد تاڵەبانی، وەک وەزیری پەیوەندیدار و یاوەری شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆپ28 لە وڵاتی ئیمارات گەشتیکردووە.

هەروەها لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوو گەشتەکەی دیکەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ هەر یەکە لە وڵاتانی ئیسپانیا و چیک بووە، ئامانج لە سەرانەکانیش بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بووە.

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەفەرمی رایدەگەیەنین کە هەر کەس، پەیج، گرووپ و لایەنێک کە ئەم جۆرە چەواشەکاری و بابەتانە بڵاودەکاتەوە، دەبێت لەبەردەم دادگا بیسەلمێنێت بۆ دادگا و رای گشتی، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەتمان رادەسپێرین بۆ ئەنجامدانی رێککاری پێویستی کارگێری و یاسایی ".