هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی دەدەن

K24 – هەولێر:

هەر وەرزێکی ساڵ بەرهەمی میوەی تایبەت بەخۆی هەیە، لە رابردوودا ئەگەر هەر کەسێک حەزی لە جۆرێک میوە بووایە، پێویست بوو چاوەڕێی وەرزی پێگەشتنی ئەو میوەیە بکات تاوەکو لەناو بازار بیکڕێت، بەڵام لە ئێستادا میوەی هەر چوار وەرزی ساڵ لەناو بازاڕدا بەردەستن، هاووڵاتییان ئارەزووی خواردنی کام جۆرە میوەیان هەبێت دەتوانن بە ئاسانی بەدەستی بهێنن.

هەرێم یوسف، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، میوەی پڕتەقاڵ هاوینان خۆش نییە، بەڵام لە زستانان تام و چێژێکی تایبەتی هەیە، هاوینان کاتێک پڕتەقاڵ لەناو ساردکەرەوەکان دەمێنێتەوە ئەو تام و چێژەی نییە لەوەی لە زستانان هەیە، ئەوەی لە زستان هەیە فرێشە.

جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئێستا میوەی هەر چوار وەزارەکانی ساڵ لەناو بازاڕەکان دەستدەکەوێت. لەلایەکی دیکەوە مەیار مەغدید، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی گوت: پێشتر لە وەرزەکان دیار بوو کە کام جۆری میوە بەردەست دەبێت لە بازاڕەکان، بەڵام لە ئێستادا میوەی هەموو وەرزەکانی ساڵ لە بازاڕەکان بەردەستن.

گوتیشی: بە دڵنیاییەوە میوەی فریش هەم تامی خۆشترە، هەم سوودی زیاترە لە میوەی ناو ساردکەرەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەیوب موحسین، میوەفرۆش، دەڵێت: میوەی وەرزەکانی دیکە لەم وەرزەدا بەردەستن، بەڵام هەم رێژەیان کەمە کە پێداویستی بازاڕ بە تەواوی پڕناکەنەوە، هەم نرخیشیان لە چاو وەرزی پێگەشتنی خۆی گرانترە.