لە گوندی شەروێت لە سنووری پشدەر زیاتر لە 100 کانی و کارێز هەن
K24 – پشدەر:
لە گوندێکی سنووری قەزای پشدەر زیاتر لە 100 کانی، کانیاو و کارێز ھەن، هەروەها قاز و مراوی گوندەکە لە کوردستان ناوبانگی دەرکردووە، دانیشتوانەکەی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین.
گوندی شەروێت، کانی، کانیاو و کارێزەکانی ژمارەیان لە 100 دانە زیاترە، لە کوچە و کۆڵان، لە ژێر دەوەن و کەندەڵانەکان ئاوێکی سازگار دێتە دەر، دیمەنی گوندەکە زیاتر ناوازە دەردەکەوێ، هەروەها ئەم گوندە بە قاز، مراوی، کانی و کانیاوەکانی ناوبانگی پەیداکردووە.
فاروق وەتمان، مامۆستا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەساڵ زۆر جیاوزترە لە ساڵانی پێشوو، لە دوای راپەڕینەوە تاوەکو ئێستا کانی و کانییاوەکان وا بە خێرایی نەژیاونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر کانی و کانییاو لەم گوندە هەن و سەرجەمیان ژیاونەتەوە.
بیرەکان بەبێ ترومپای ئاو، ئاویان لەسەر دەڕژێت، کانی لەژێر خانوو و ماڵەکان دێنەدەر، ئاو شەقام و کۆڵانەکانی پڕکردووە، بۆ گوندنشینان ئاو ئاوەدانی ھێناوە.
لەلایەک دیکەوە، حەمەدئەمین مەنگوڕ، گوندنشین دەڵێت: کە پایزانن زوو باران دەبارێت و زوو گیا شین دەبێت پێی دەڵێن ساڵی دوو بەهار، دونیا بە ئاوەوە جوانە، خۆشتان دەزانن ئێمە بە کاری کشتوکاڵییەوە سەرقاڵین و ئەو ئاوە زۆر گرنگە بۆ ئێمە.
بوونی ئاوی سازگار، کانی و کانیاوی زۆر، وایکردووە گوندنشینان پەلەوەری ئاوی، قاز و مراوی زۆر بەخێوبکەن قازی شەروێت لەسنوورەکە ناوبانگی دەرکردووە، رۆژانە خەڵکی لە شار، شارۆچکە و ناوچەکانی دەوروبەری دەیان کیلۆمەتر دەبڕن و بۆ کڕینی قاز و مراوی روو لە گوندەکە دەکەن.
لەلایەن خۆیەوە، عومەر خدر، دانیشتووی گوند بە کوردستان24ـی گوت: قازی چاکمان هەیە و بە قاز ناوبانگمان دەرکردووە، خواردنی سروشتی دەدرێت بە قازەکان و لێرە ئاوی باشیان هەیە.
گوندی شەروێت 116 ماڵە، دانیشتووانەکەی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەخێوکردنی پەلەوەر سەرقاڵن، سەرچاوەی ئاوی زۆر بۆ کار و بژێووی خەڵکەکەی کارئاسانی باشی کردووە.