ئازاد نووری: لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاو لە بواری ژینگەدا بەدەستهاتوون

ئازاد نووری، بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگە
ئازاد نووری، بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگە

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگە، رایدەگەیەنێت؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە بواری ژینگە دەدات. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، هەر پڕۆژەیەك کە لە هەرێی کوردستان جێبەجێ دەکرێت دەبێت بە رێژەی 25% سەوزایی بێت.

ئازاد نووری، بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگە، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لەم کابینەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تەواوی بە بابەتی ژینگە دراوە.

ئاماژەی بەوەدا، لە لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی 30 نوێنەریان ئامادەبوو، پڕۆپۆزەلی ئەم کۆنفرانسە و لێکەوتەکانی بەرزدەکەنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگە، راشیگەیاند، لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دەستەی ژینگە نوێنەریان هەیە و راپۆرتی مانگانەی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

ئازاد نووری، دەڵێت: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا خێران، بەمهۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە بواری ژینگە دەدات، هەروەها هەنگاونراوە بۆ وەبەرهێنانی سەوز، لەم وەبەرهێنانەدا ئاسانکاری بۆ کەرتی بیانی و کەرتی ناوخۆیی دەکرێت.

گوتیشی: هەر پڕۆژەیەك کە لە هەرێی کوردستان جێبەجێ دەکرێت دەبێت بە رێژەی 25% سەوزایی بێت، هەروەها وەک دەستەی ژینگە چاودێری هەموو کەرتەکان دەکەن.

بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەرێمی کوردستان لە هەموو پڕۆژە پیشەسازییەکانی خۆی گرنگی بە سووتەمەنی پاک دەدات و هەروەها بۆ هەموو پڕۆژەکان فلتەر دانراوە.