لە سلێمانی ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاران دەکرێت

K24 – سلێمانی:

دوکان یەکێکە لەو شارۆچکە گەشتیاریانەی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش جێی سەرنجی گەشتیارانە، بەڕێوبەری گەشتوگوزارەکەشی دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لەو گەشتیارانەی دێنە پارێزگای سلێمانی، بۆ پشوودان و بەسەربردنی کاتەکانیان دوکان ھەڵدەبژێرن و ئەوانیش بۆ پێشوازیان ھەموو ئامادەکاریەکیان کردووە.

دوکان ئەو شارۆچکە بچووکەی سەر زێی بچووکە، ئەگەر لە رابردوو وەک ھاوینەھەوارێک گەشتیاران لە بەھار و ھاوین روویان تێدەکرد، ئێستا لە ھەر چوار وەرزی ساڵ دیمەنی سەرنج راکێشی ھەیە و نەک لە ھەرێمی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق ناو و ناوبانگی دەرکردووە .

بەشێک لەو گەشتیارانەی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە دێنە پارێزگای سلێمانی دوکان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ھەڵدەبژێرن .

رێژین رەئوف، بەرێوبەری گەشتوگوزاری دوکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لەو گەشتیارانەی دێنە پارێزگای سلێمانی، بۆ پشوودان و بەسەربردنی کاتەکانیان دوکان ھەڵدەبژێرن و ئەوانیش بۆ پێشوازیان ھەموو ئامادەکاریەکیان کردووە.

جگە لە ھۆتێل، مۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان بۆ حەوانەوەی گەشتیاران، چێشتخانە و ریستورانتەکانیش بەر لەھەر بۆنەیەکی ساڵ کە جموجۆڵی گەشتیاری خێراتر دەکات، ئامادەکاری پێشوەختە دەکەن.

کەریم کاکە، خاوەنی چێشتخانە بە کوردستان24ـی گوت: لەکاتی بۆنەکاندا گەشتیار زیاتر دەبێت، ئێمەش بەرنامەی تایبەتمان داناوە و بەپێی پێویست و خواستی گەشتیاران خواردنەکان ئامادە دەکەین.

بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 7.5 ملیۆن گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت بۆ پشوو و ئاھەنگەکانی سەری ساڵیش 200 ھەزار گەشتیاری تر بێنە ھەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە بەشێکیان روو لە دوکان دەکەن.