بازرگانێکی بیانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر دەستگیرکرا

K24 – هەولێر

هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە دوو چالاکیدا تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد و بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کرد: "لە چالاکی یەکەم تۆمەتبارێکی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکرا و هاوکات بڕی زیاتر لە (136 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن) دەستی بەسەردا گیرا".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە شەوی 29/ 30ـی 12ـی 2023، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام کە زیاتر لە مانگێکی خایاند، هەروەها دوای ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی نەینەوا و یەکگرتنەوەی زانیارییەکان و پشتڕاستکردنەوەی، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان توانرا بازرگانێکی نێودەوڵەتی بیانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر دەستگریربکرێت، لەم چالاکییەدا بڕی (136 کیلۆگرام) حەبی هۆشبەر لەجۆری کەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا".

بەگوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: "لە چالاکیەکی دیکەدا بڕی (76 کیلۆگرام) حەبی کەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا".

لەبارەی ئەو چالاکییە روونکراوەتەوە: "هەروەک لەبەیاننامەی پێشووترمان لە رێکەوتی 25ـی 12ـی2023 ئاماژەمان بەوەدابوو کە بەهۆی دەستگیرکردنی بازرگانێک لە شاری هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و دوای لێکۆڵینەوەو هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، توانرا بڕی (100کیلۆگرام) حەبی کەپتاگۆن لە پارێزگای زیقار دەستی بەسەردا بگیرێت، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا لەگەڵ هەمان تۆمەتبار توانراوە بڕی (76 کیلۆگرام)ـی تریش لە هەمان ماددە دەستی بەسەردا بگیرێت و کە کۆی گشتی ماددە دەستبەسەرداگیراوەکە بوەتە (176)کیلۆگرام".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، لەم ساڵەدا لەلایەن بەرێوەبەرایەتیەکەمان چەندین بڕی تر لەم جۆرە حەبە مەترسیدارە کەنزیکەی یەک تەن و نیو دەبێت (کە بە دەنک زیاتر لە 10 ملیۆن دانە حەب) دەکات، توانراوە دەستی بەسەردا بگیرێت لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی. بەکارهێنانی ئەم حەبە لەلایەن ئاڵوودەبوانەوە لە هەرێمی کوردستان زۆر کەم و سنوورداربووە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە زۆرەو لە ماوەی یەک ساڵدا بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵی جددی هەبووە بۆ ئەوەی کە لەهەرێمیش کەسانێک فێری بازرگانی و بەکارهێنانی ئەم جۆرە حەبە مەترسیدارە بکرێت".