100 جووتیاران لەسەر پەرەپێدانی بنەتۆ رادەهێنرێن

جووتیارانی کوردستان
جووتیارانی کوردستان

K24 – هەولێر :

لەپێناو راهێنانکردن بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی بەرهەمەکانیان، وەزارەتی کشتەکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتیی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی، خولی جۆراوجۆر بۆ جووتیاران دەکاتەوەو، لە نوێترین خولیشدا 100 جووتیار لەسەر پەرەپێدانی بنەتۆ رادەهێنن.

ئەمڕۆ شەممە ( 30- ی کانوونی یەکەمی 2023)، وەزارەتی کوشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، خولێکی پەرەپێدانی بنەتۆیان بۆ جوتیارانی هەڵەبجە و راپەڕین کردۆتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی

پلانی  رێکخستنی خولەکانی بنەتۆیە بۆ جووتیارنی هەرێمی کوردستان.

وەک لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی کوشتەکاڵدا هاتووە، خولەکە  لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی بەرێوەدەبرێت بۆ پەرەپێدانی بنەتۆ کە نزیکەی (100) جووتیاری پارێزگای هەڵەبجەو ئێدارەی سەربەخۆی راپەڕین تێید بەشدارن و  ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

پێشتر هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە شاری هەولێر و ناحیەی شۆڕش خولی کشتوکاڵی بۆ جووتیاران کراوەتەوە، لەسەر شێوازی کێڵان و تۆکردن و پێدانی پەینی کیمیای، بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە کشتوکاڵ، داچاندنی تۆیی هەندێک بەربووم لەم وەرزەدا.