حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: رێگه‌ی چوار گوندی ئاکرێ قیرتاوکران

K24 - هەولێر:

پرۆژەی قیرتاوكردنی رێگەوبانی گوندەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەو پرۆسەیەشدا رێگەی چوار گوندی دیكەی قەزای ئاكرێ قیرتاو كران.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ چوارچێوه‌ی قیرتاوكردنی رێگه‌بانه‌كانی گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستان، رێگەی گوندەكانی شەرەفۆنا، قەسرۆك، ئەستریان و كەندەگول، لە ناحیەی بجیلی قەزای ئاكرێ بە بڕی ملیارێك و 13 ملیۆن دینار قیرتاو كران.

موحسین میرانی، بەڕێوەبەری چاككردنی رێگەوبانی ئاكرێ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاند، رێگەی ئەو چوار گوندە بە درێژایی هەشت كیلۆمەتر لە ناحیەی بجیل قیرتاو كران، پرۆسەكەش لە رێگەی كرێكار و كۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەكرێت."

رەمەزان محەممەد، هاووڵاتییەكی ناوچەكەیە، گوتی: "سوپاسی حكومەت دەكەین بۆ قیرتاوكردنی رێگەی گوندەكان، كە دەبێتە هۆی ئاسانكاریی هاتوچۆ و ژیانی گوندنشینانی ناوچەكە، بەهیواین بەردەوام بن."

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی كوردستان بەردەوامە و دەیەوێت لە ڕێگەی گرنگیپێدانی گوندەكان، هاووڵاتییانی گوندنشین لە ناوچەكانی خۆیان لە خزمەتگوزارییەكان سوودمەند بن.

78
67