سێ لیستی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركووك هاوپه‌یمانێتییان راگه‌یاند

كه‌ركووك
كه‌ركووك

K24 – كه‌ركووك:

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، هەر شەش ئەندامە دەرچووە عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك، كه‌ له‌ كۆی سێ لیستی عه‌ره‌بیدا بوون، یەکیانگرت.

سۆران كامه‌ران په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند، سێ لیسته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی كه‌ركووك كه‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بوون، بریتین لە هاوپەیمانی عروبە، هاوپەیمانی عەرەبی و هاوپەیمانی سەرکردایەتی (قیادە)، یه‌كیانگرت و هاوپه‌یمانێتییان راگه‌یاند.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە، کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).

بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان، هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە بە کۆی دەنگی 157 هەزار و 649 دەنگ و بووەتە خاوەنی پێنج کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە کاندیدە دەرچووەکانی بریتین لە (نەشئەت شاهوێز خورشید، رێبوار تەها مستەفا، ئەحمەد فاتح مستەفا و هوشیار هجران نەجمەددین).

هەروەها لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 52 هەزار و 278 دەنگی بەدەستهێناو و دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگا بردووەتە کە کاندیدە دەرچووەکانی بریتین لە (حەسەن مەجید رەشید و شۆخان حەسیب حوسێن).

هاوپەیمانی عەرەبی، 102 هەزار و 558 دەنگی بەدەستهێناوە و سێ کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بردووەتەوە کە کاندیدە دەرچووەکانی بریتین لە (راکان سەعید جبووری، ئەحمەد عەبدولواحید امین قاسم حەمدانی و سەلوا ئەحمەد مەیدان حوسێن مەفرەجی).

بەرەی تورکمانی 75 هەزار و 169 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بردووەتەوە کە کاندیدە سەرکەتووەکانی بریتین لە (ئەحمەد رەمزی کەریم و سەوسەن عەبدولواحید شاکر).

هاوپەیمانی قیادە 61 هەزار و 612 دەنگی بەدەستهێناوە و بووەتە خاوەنی دوو کورسی کە هەردوو کاندید (رەعد ساڵح جبووری و محەممەد ئیبراهیم سەباحی) دەرچوونە و هاوپەیمانی عروبەش بووەتە خاوەنی کورسییەک بە 47 هەزار و 919 دەنگ بۆ کاندیدی دەرچوو (زاهر ئەنوەر عاسی عوبەیدی).

کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کاندید (ئینجیل زیا شیبا) لە بزووتنەوەی بابیلۆن بە هەزار و 703 دەنگ یەکلایی بووەتەوە.

هاوکات جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردبوو، 25 هەزار و 910 دەنگی بەدەستهێناوە و نەبووەتە خاوەنی هیچ کورسییەک، هەروەها هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکووک (یەکگرتوو و کۆمەڵ) شەش هەزار و 879 دەنگیان بەدەستهێناوە.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی سێشەممە (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی لایەنەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان راگەیاند و لە کەرکووک لایەنە کوردییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

دوای 18 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، بووە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە. هەرچەندە هەوڵ بۆ دواخستنی دەدرا بەڵام رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 15 کورسی گشتی و یەک کورسی کۆتای کریستیانەکان پێکهاتووە و کورد لە کەرکووک چاوی لەوەیە زیاتر لە نیوەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگارێک بۆ شارەکە هەڵبژێرێت.

دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.