رۆژانە زیاتر لە 20 تۆن قارچک لە هەولێر بەرهەم دەهێندرێت

K24 - هەولێر

لە سنووری پارێزگای هەولێر چوار کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی قارچک هەن، رۆژانە زیاتر لە 20  تۆن قارچک بەرهەم دەهێنن و خواستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پڕدەکەنەوە و بەشێکی دیکەشی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق هەناردە دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی2023، سەمیر مەحموود، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری کشتوکاڵی، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: چوار کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی قارچک لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن، بەرهەمەکەیان خواستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق پڕدەکاتەوە".

گوتیشی: "کارگەکانیش دووانیان لە سنووری قوشتەپەیە، کە یەکێکیان بە ناوی کوارگی سپی، بەرهەمهێنانی رۆژانەی 12 تۆنە، کارگەکەی دیکەش هەر لەو سنوورەیە کە بەرهەمی رۆژانەی دوو تۆن و نیوە، کارگەیەکیشیان لە نێوان مورتکە و گردە رەشەیە کە توانای بەرهەمهێنانی سێ تۆنە، کارگەکەیەکی دیکەش لە سنووری بەڕانەتییە، ئەویش بەرهەمهێنانی رۆژانەی سێ تۆن و نیوە".

راشیگەیاند، کارگەیەکی دیکەشمان هەبوو لە ئێستادا داخراوە، لەمساڵدا هەوڵدەدرێت بکرێتەوە، چونکە بەرهەمی قارچک وەک هیچ بەرهەمێکی دیکە نییە، کە رۆژانە وەک بەشێکی سەرەکی بەکار بهێندرێت.

سەمیرمەحموود، دەشڵێت: "لە ئێستادا قارچک پێداویستی ناوخۆی پڕکردووەتەوە، ئەگەر بەرهەمەکە زیاتر بێت، دەتوانین لە داهاتوودا هەناردەی دەرەوەی کوردستانیشی بکەین".

ئەوەشی خستەڕوو: "لەبەر ئەوەی بەرهەمی خۆمان هەیە، ساڵانە نووسراومان کردووە کە رێگە بە قارچکی هاوردە نەدرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆمان لە بازاڕەکاندا بفڕۆشرێت".

لەلایەکی دیکە شیرین نەجیب، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە شاری دهۆک کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قارچک هەیە کە ساڵانە نزیکەی 100 تۆن قارچک بەرهەم دەهێنێت، لە سلێمانیش سێ کارگە هەن و لە هەولێریش چوار کارگە هەن.

بە گشتی لە هەرێمی کوردستان 9 کارگەی بەرهەمهێنانی قارچک هەن، جگە لە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ، بەشێک لە بەرهەمەکەیان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق هەناردە دەکرێت.

ئا: لاڤین عومەر