هاوار محەممەد: ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر بابەتی پێکهاتەکان بدات پێم وایە ئەوە گاڵتەجاڕی سیاسییە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، 15 سکاڵامان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکردووە، بەڵام بەداخەوە وەڵامەکان بەشێوەیەک بوون کە هیچ گۆڕانکارییەکی دروست نەکرد و بەهەندیش وەرنەگیرا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر بابەتی پێکهاتەکان بدات، پێم وایە ئەو گاڵتەجاڕی سیاسییە.

هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، ئەوە پڕۆسەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2021 زۆر شەفافتر بووە.

هاوار محەممەد گوتیشی: ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەر لەرۆژی دەنگدانی تایبەتەوە بینیمان چەندین گرفت هەبوو، کە لە کەمپی حەسەن شام تەواوی دەنگدەران نەیانتوانی دەنگی خۆیان بدەن، هەروەها لەناو پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواش هەندێک لەهاوولاتیان بێ بەشبوون لە دەنگدان، هەروەها چەندین کێشە و گرفتی دیکە هەبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، 15 سکاڵامان تۆمارکرد، بەڵام بەداخەوە وەڵامەکان بەشێوەیەک بوون کە هیچ گۆڕانکارییەکی دروست نەکرد و بەهەندیش وەرنەگیرا، بە بیانووی ئەوەی کۆمپانیایەک سەرپەرشتی ئیش و کارە ئەلیکترۆنییەکان دەکات.

گوتەبێژەکەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی باسی لەوەشکرد، بەڵگەی بەهێزمان لەبەردەستە، کەتەنانەت راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لەگەڵ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە جیاوازییەکی زۆری هەیە، بۆیە دەبێت دەستەی دادوەری لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لێکۆڵینەوەی ورد بکات تاوەکو متمانەی هەڵبژاردن لەدەست نەدات.

سەبارەت بە سکاڵاکەی سەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەوەی ئێستا لە دادگای فیدراڵی دەگوزەرێت توشی سەرسوڕمانی کردوین، چونکە دادگای فیدراڵی پسپۆڕی ئەوە نییە، کە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەیەکی هاوشێوە بکات، چونکە هیچ سەرپێچییەکی دەستووری لەناو یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نییە تاوەکو ئەوان بەو شێوەیە بێنە بابەتەکە و لێکۆڵینەوە بکەن، بەڵام ئێمە جەختدەکەینەوە کە رەهەندی سیاسی لەپشت ئەو بابەتە هەیە.

دەشڵێت: سەبارەت بە بابەتی کۆتاکان هیواداربووین لەناوخۆ ئەو رێیکەوتنمان لەسەر بکردبوایە، هەروەها پڕۆژە یاسایەکمان ئامادەکردبوایە کە گوزارشت لەویستی هەموو لایەنە سیاسییەکان بکردبایە، ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر بابەتی پێکهاتەکان بدات، پێم وایە ئەوە گاڵتەجاڕی سیاسییە. دەبێتە خاڵێکی رەش بە نێوچاوانی دەستەی دادوەری عێراقی.

ئەو بەرپرسە روونیشکردەوە، دواخستنی دانیشتنەکانی دادگا لەبارەی کورسی کۆتاکان کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا، هیوادارین ئەو بابەتە نەبیتە ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردندا.