مەسرور بارزانی: سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەم

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی زایینی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بارودۆخێکی سەختی داراییمان بەڕێکرد.

لە پەیامی سەرۆکی حکومەت هاتووە: "بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2024، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتری کوردستان بێت".

مەسرور بارزانی لەو پەیامەدا دەڵێت: "سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بارودۆخێکی سەختی داراییمان بەڕێکرد. هیوادارین لە ساڵی نوێوە، کۆتایی بەو ستەم و نادادییە بێت کە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی  مووچەخۆرەکانی دەکرێت و کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بوجە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش، وەک مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق،مانگانە مووچەکانیان بەبێ تێکەڵکردنی لەگەڵ کێشە سیاسییەکان وەربگرن".

لە بەشێکی دیکەی پەیامی سەرۆکی حکومەت هاتووە: "داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبیی و کەسییەکان و لە پێناو پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کار بکەن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند: "جێی خۆشحاڵییە کە ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری ، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجام بدەین. هەروەها لە بواری دیپلوماسیش، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان، لە ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی باشی كرد".

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:


بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2024، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتری کوردستان بێت.

سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بارودۆخێکی سەختی داراییمان بەڕێکرد. هیوادارین لە ساڵی نوێوە، کۆتایی بەو ستەم و نادادییە بێت کە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مووچەخۆرەکانی دەکرێت و کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بوجە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش، وەک مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق،مانگانە مووچەکانیان بەبێ تێکەڵکردنی لەگەڵ کێشە سیاسییەکان وەربگرن .

داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبیی و کەسییەکان و لە پێناو پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کار بکەن.

جێی خۆشحاڵییە کە ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری ، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجام بدەین. هەروەها لە بواری دیپلوماسیش، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان، لە ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی باشی كرد.

هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزی و کاولکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بێت بەگشتی و ئاشتی و ئارامی جێگیر بێت و ساڵی دەستکەوت و گەشەپێدان و بووژانەوەی گشتگیریی کوردستان بێت.

ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/12/31