نەبەز عەبدولحەمید: هەموو تیمەکان لە حاڵەتی ئامادە باشیدان

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، بۆ رێوڕەسمی پێشوازی لە سەری ساڵی نوێ، هەموو لایەنەکان و تیمەکان لە حاڵەتی ئامادە باشیدان، لە پێناو پاراستنی ماڵ و ماڵی هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: "دووهەفتە لەمەوبەر لە دیوانی ئەنجومەنی پارێزگا کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا، کە کۆبوونەوەیەکی فراوان بوو، بۆ ئەمنی و خزمەتگوزاری، لەو کۆبوونەوەیەدا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان تییدا ئامادەبوون، هێزی ئەمنی ئاسایش، پۆلیسی هەولێر، فریاکەوتن و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، پۆلیسی هاتووچۆ، هەموو لایەنەکان و دەبێ لە ئەرکدابن، بۆ بەشداربوون لە پاراستنی ئەو میوانانەی کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و بۆ پاراستنیان لەگەڵ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان".

گوتیشی: "لە زۆربەی شوێنەکانی شاری هەولێر ئاهەنگ ساز دەکرێت، کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی روو لەو شوێنانە دەکات، لەڕووی سەلامەتیشەوە پارێزراو دەبن، بەر لە مانگێک خۆمان ئامادەکردبوو، هەموو خاوەن هۆڵەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن، تیمی تەندروستیش لە هەموولایەک دابەشدەبن بەپێی ئەو پلانەی کە دایانناوە، لەگەڵ تیمی شارەوانی بۆ خاوێن راگرتنی ناو شار".

قایمقامی هەولێر، راشیگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت لە زۆر شوێن سەنتەری شار، مۆڵەکان و شوێنەگشتییەکان، ئاهەنگ ساز بکرێت".

پێشتر پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە، کە دامەزراوە حکومەت هیچ ئاهەنگ و رێوڕەسمێک بۆ پێشوازی کردن لە ساڵی نوێ رێکناخەن، ئەمەش وەک هاوخەمییەک بۆ کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سۆران و حەمدانییە.