سوودانی داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد "لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان" لە هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری هەولێر بکەن. دەشڵێت، هێرشەکە "دەستدرێژییە" بۆ سەر سەروەریی عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-12-2023، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردووە "لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان" لە "هێرشە تاوانکارییەکەی" سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای هەولێر بکەن.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی راسپاردووە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. سوودانی هێرشەکەی بە "دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق" ناو بردووە و دەڵێت، هەوڵێکە "بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری" ناوخۆی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو (شەممە، 30-12-2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکێدا لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاند: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".

مەسرور بارزانی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کرد "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی  بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن".