رۆشنبیری دارایی و پرۆگرامی ھەژماری من لە ساڵی 2024

Kurd24

رۆشنبیری دارایی یاخود خوێندەواری دارایی (Financial Literacy) بریتییە لە توانای تاک بۆ بەرێوەبردنی داھاتەکان و خەرجییەکان. ھەروەھا پێوانەیەکە بۆ تێگەشتن لە چەمکە داراییەکانی وەکو وەبەرھێنان و پاشەکەوت و قەرزەکان.

بەگشتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوەیە:

- پارەم ھەیە بەڵام نازانم چۆن وەبەرهێنانی پێبکەم و چۆن سەرمایەکەم زیاد بکەم!

- کێشەی کۆنتڕۆڵکردنی خەرجیەکانم ھەیە و سەرەڕای داھاتێکی زۆری مانگانە، بەڵام ناتوانم پاشەکەوت بکەم!

- ھەرچەندە لای خۆمان سەرچاوەی پارەدارکردن بەتایبەت وەرگرتنی قەرز ئاسان نیە بەڵام (لە ئەگەری ھەبوونی سەرچاوەی سەرمایە وەکو قەرز، ناتوانم بیرۆکە دروست بکەم و ئەو پارەیەی کە بە قەرز وەرمگرتووە وەبەرھێنانی پێ بکەم!

- لاوازی توانای تاک لەرووی دانانی پلانی دارایی و بودجەی تاکەکەسی و لاوازی لە خوێندنەوەی بارودۆخەکان.

- توانای تێگەیشتنی تاک لە چەمکەکانی بەهای پارە و هەژمارکردنی بەهاکەی لەسەر بنەمای کات و تێجوون" Time Value of Money".

- هەروەها بەگشتی کۆمەڵگەی ئێمە ئاشنا نیە بە چەمکەکانی بانکین و دیجیتاڵ پەیمێنت و ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) و ھەمووکردارە بانکیەکانی دیکە.

رۆشنبیری دارایی بۆچی گرنگە؟

ڕۆشنبیری دارایی یارمەتی دەرە بۆ تێگەشتن و شیکردنەوەی چەمکە پەیوەندیدارەکان بە پارە و شێوازی بەکارھێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ پارە و کۆنتڕۆڵکردنی خەرجی و داھاتەکان بە شێوازێکی کاریگەر. ئاستێکی بەرز لە رۆشنبیری دارایی دەبێتە ھۆی دروستبوونی متمانە بەخۆبوون لە کاتی بڕیاردان لە مامەڵە داراییەکاندا و ھاندانێکە بۆ شیکردنەوەی سیناریۆ جیاوازەکان لە کاتی ئەنجامدانی ھەر بڕیارێک کە پەیوەندیدارە بە بازرگانی و ئابوری و وەبەرھێنان. ئەم کەسانەی کە ئاستی خوێندەواری داراییان بەرزە زیاتر وەبەرھێنان ئەنجام دەدەن و خەرجیەکانیان کەمترە و کەمتریش رووبەری کێشە داراییەکان دەبنەوە. لەرووی وەبەرھێنان و بیرۆکەی بازرگانیشەوە توانای بریاردانیان باشترە و ھەمیشە پلانی دووەمیان ھەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخە نەخوازراوەکان و مەترسییەکان.

لە کوردەواریدا قسەیەکی باو ھەیە دەڵێ "پارەی سپی بۆ رۆژی رەش" ئەم دەستەواژەیە دەکرێ تا راددەیەک گونجاو بێت بۆ ھەندێک بارودۆخ و تارادەیەکی باشیش بەهانای کۆمەڵگەی کوردیەوە هاتووە لە زاڵبوون بەسەر گیروگرفتە داراییەکان. بەگشتیش لە داراییدا یەکێک لە بنەماکانی پلانی دارایی بریتیە لە جیاکردنەوەی بەشێک لە داهات یان برێک پارە (Emergency Fund) وەکو یارمەتی دەرێک بۆ رووبەروبوونەوەی بارودۆخە نەخوازراوەکان. بەڵام لە زانستی دارایی نوێدا بەھۆی پێشکەوتنە خێراکان و زۆری دەرفەتەکانی وەبەرھێنان ھەموو ئەو پارەیەی کە ھەڵی دەگرین و وەبەرھێنانی پێوە ناکەین بە زەرەری خاوەنەکەی دەشکێتەوە. لەبەر ئەوەی هەڵگرتنی پارە بەبێ وەبەرهێنان خاوەن سەرمایە رووبەری تێچوونێک دەکاتەوە کە بەتێجوونی دەرفەتەکان (Opportunity Cost). واتە ھەڵگرتنی پارە لەژێر سەرینەکان خۆی لەخۆیدا زەرەرێکە بۆ خاوەنەکەی و پاشان کاردەکاتە سەر خاوبوونەوەی سیستەمی ئابووری و کەمبوونەوەی دەستاودەستکردنی دراوەکان و وڵات بەگشتی. لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی هەڵاوسانەوە ئەم پارە هەڵگیراوانە بەشێکی زۆری بەهاکەی لەدەست دەدات و ئەمەشیان زەرەرێکی دیکەیە بۆ خاوەن سەرمایەکە.

لە سیستەمی دارایی نوێدا چەمکێک ھەیە دەڵێ " Every dollar counts". واتە، ھەموو دۆلارێک ھەژمارە لەسەرمان و بەکارنەھێنانی ئەم پارەیە بەشێوەیەکی کاریگەر بەڵایە بەسەر خاوەنەکەی و ئەندامانی کۆمەڵگە و وڵات بەگشتی. لە کوردستان کێشەی بەشێکی زۆری دانیشتوان نەبوون یان کەمی داھات نیە، بەڵکو کێشەکە بریتیە لە نەزانین و چۆنیەتی مامەڵەکردنی تاک لەگەڵ داھاتەکان. واتە ئاستی خوێندەواری داراییمان تابڵێی خراپە و بەپێی دواین ئامارەکانی یەکێتی بانکە عەرەبییەکان رێژەی خوێندەواری دارایی لە عێراقدا بریتیە لە (23%). لەکاتێکدا لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ڕێژەکە زۆر زیاترە لەمە. بەنموونە ڕێژەی خوێندەواری دارایی لە کوێت لەنێوان 44% بۆ 46% دایە. تەنها ئەوەش نا، بەڵکو بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی بانکی جیهانی لە ساڵی 2021 رێژەی 7%ی دانیشتوانی عێراق لەرێگەی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانەوە کرداری پێدانەکانیان ئەنجام دەدەن و ئەمەش دەرخەری دواکەوتوویی و لاوازی سیستەمی بانکی عێراقە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە رێژەی بەکارهێنانی ئامێرەکان لە کرداری پێدانەکان دەگاتە ئاستەکانی 79%.  بۆ نموونە لە سعودیە ڕێژەی ئۆنلاین پەیمێنت و پێدانەکان لەرێگەی مۆبایلەوە دەگاتە 79% و لە ئێران 54% و لە تورکیا 50% و لە ئوردن 17% و نزیکترین وڵاتیش لەرووی بەکارهێنانی ئۆنلاین پەیمێنتەوە بریتیە لە میسر کە 8%ی دانیشتوانی ئەم وڵاتە لە رێگەی ئۆنلاین پەیمێنتەوە کرداری پێدانەکانیان ئەنجام دەدەن. بۆیە پێویستە کاری جددی بکرێ لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری دارایی گشتی.

لەئێستادا دەتوانین بڵێین پرۆژە و پاڵپشتیەکانی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری گشتی لە سیستەمی دارایی  (Financial Inclusion)  و ھاندانی بانک و دامەزراوە داراییەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە داراییەکانی وەکو ھەژماری بانکی، ئۆنڵاین بانکین و ئۆنلاین پەیمێنت و پێدانی قەرز و سەرجەم خزمەتگوزاریە داراییەکانی دیکە هاندانێک بووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری دانیشتوان لە سیستەمی دارایی. هەروەها پێشکەوتنێکی بەرچاو لە کەرتی دارایی و ئانشابوونی دانیشتووان بە سیستەمی بانکی و سیستەمی دارایی مۆدێرن بەدی دەکرێ. بەڵام پێشەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی بەبێ ناساندنی بانک و سیستەمی بانکی و قەرز و جۆرەکانی ھەژمار و جۆری خزمەتگوزارییە داراییەکانی دیکە رەنگە ھاوکار نەبن تا حکومەت بتوانێ ئامانجەکانی لە بەشداریپێکردنی گشتی لە سیستەمێکی بانکی بەدیبهێنێ و ژێرخانێکی دارایی بەھێز بنیات بنێ.

کێشەی خوێندەواری دارایی تەنها لە وڵاتانی دواکەوتوو نا، بەڵکو بەشێکی زۆر لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بەتایبەت ئەم وڵاتانەی کە سیستەمێکی بانکی بەهێز و پێشکەوتوویان هەیە بەدەست کەمی نەوخوێندەواری داراییەوە دەناڵینن. بەنموونە لە ئەمریکا کە تا ئێستاش زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی کێشەی ڕۆشنبیری داراییان ھەیە و تاکی ئەمریکی توانای کۆنترۆلکردنی داھاتەکانیان نیە. کێشەی پلان و بودجەی داھاتوشیان ھەیە و بەوە ناسراون کە داهاتی بەیانیان ئیمرۆ خەرج دەکەن. ھەر بۆیە ساڵانە لە مانگی  سێ و چوار دامەزراوە داراییەکان و ڕێکخراوە نا حکومییەکان ھەلدەستن بە کردنەوەی خولی فێرکاری و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری دارایی بە بەشداربووەکانیان تا بتوانن لەرێگەی ئەم خول و راهێنانانەوە ئاستی ھۆشیاری دارایی تاک بەرز بکەنەوە. لە وڵاتانی دیکەش وەکو کەنەدا و هیندستان و وڵاتانی ئەوروپی بەگشتی لە مانگی چوار چالاکی جۆراوجۆر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواری دارایی ئەنجام دەدرێ و مانگی چوار بە مانگی هۆشیاری دارایی دادەنرێت لە جیهاندا.

لە عێراقیش بەشێکی کەم لە دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەند چالاکیەکی جۆراوجۆر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕؤشنبیری دارایی ئەنجام دەدەن. بەڵام چالاکیەکان سنوردارن و نەبوونی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەم دامەزراوانە وایکردووە ئامانجەکانی هۆشیاری دارایی وەکو خۆی نەپێکرێ و کاریگەری ئەم چالاکییانە سنوردارن. 

ئێمە لە کوردستان تەنھا کێشەی نەخوێندەواری داراییمان نیە، بەلکو کێشەی رۆشنبیری دارایی دیجیتاڵیشمان ھەیە. ئاشنانین بە سیستەمی پێدان و دەفعکردنی ئۆنڵاین و بەکارهێنانی ئامێر و ئامرازە ئەلیکترۆنیەکان بۆ ئەنجامدانی کردارە داراییەکان. بۆیە حکومەت دەتوانێ ھانی خەڵک بدات بۆ بەشداریکردنی گشتی لەرێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە بانک و خزمەتگوزاریە بانکیەکان و خزمەتگوزاریە داراییەکان و ...هتد. هەروەها هانی هاوڵاتیان بدات بۆ دەرھێنان و خستنە بازاری ھەموو ئەو پارانەی لەژێر سەرینەکان و لە ماڵەکان بەبێ وەبەرھێانن خەوێندراون و بەتەواوی لە سیستەمی ئابوری براونەتە دەرەوە.

بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دارایی هۆکار دەبێت بۆ:

1- بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی بەکاربەر بە سیستەمی بانکی و خزمەتگوزاریە داراییەکان.

2- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاش و بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی پێدانەکان.

3- دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ بەکاربەران.

4- دەبێتە هۆی کاراکردنی سووڕی ئابوری و دەستا و دەستکردنی دراوەکان.

5- دەبێتە هۆی پێشکەوتنی ئابوری و پارەدارکردنی پرۆژەکان و پارەدارکردنی گشتی.

6- هاندانێکە بۆ راكێشانی سەرمایەی بیانی و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی.

7- دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەهەدەردان و زیادکردنی وەبەرهێان.

8- دەبێتە هۆی پێشکەوتنی سیستەمی بانکی و بنیاتنانی ژێرخانێکی بانکی بەهێز.

9- هاندانێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مردوو (راکێشانی پارەی ژێر سەرینەکان بۆ سیستەمی ئابوری).

10- هەروەها هۆکارە بۆ رەخساندنی چەندین دەرفەتی کار و وەبەرهێنان و خستنەسەرپێی پرۆژەی نوێ و ...هتد.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین نەبوونی رۆشنبیری دارایی هۆکاری سەرەکیە بۆ لاوازی لە پێشکەوتنە بانکیەکان. بەبێ رۆشنبیری دارایی ناتوانین سیستەمێکی بانکی بەهێزمان هەبێت. بنیاتنانی ژێرخانێکی دارایی بەهێز لەسەر بنەمای پلانێکی ستراتیجی درێژخایەن پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی دانیشتوان هەیە و پێویستە هاوڵاتیان ئاشنا بکرێن بە هەموو ئەم خزمەتگوزاریە داراییانەی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییەکانەوە پێشکەش دەکرێن. هەروەها هاوکاری حکومەتیش دەکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی هەژماری من بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە. بەبێ رۆشنبیری دارایی پێشکەوتنەکانی پرۆگرامی هەژماری من لە ئاستی چاوەروانی حکومەتدا نابن و ئەم پێشکەوتنەی کە هەشە لە کەرتی بانکی و کردنەوەی هەژمارەکان بەهۆی بەکارنەهێنانیان سوودێکی ئەوەتۆ بە ئابوری ناگەیەنێت و لە گەیشتن بە ئامانجەکان دوامان دەخات. هەر بۆیە هاوتا لەگەڵ پێشکەوتنەکانی پرۆگرامی هەژماری من و بە سوود وەرگرتن لە پرۆگرامی بانک و دامەزراوە جیهانیەکان لە مانگی سێ و چواری ساڵی ٢٠٢٤ هەڵمەتێکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دارایی دەستپێبکەین و هانی بەرزکردنەوەی خوێندەواری دارایی بدەین تا بتوانین ببین بە نموونەیەکی جوان لەرووی متمانە و بەهێزی سیستەمی بانکی لە ناوچەکە.