پرۆژەیەک مەترسیی لافاو لەسەر هەولێر کەمدەکاتەوە

K24 – هەولێر :

پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت،  98% ی پرۆژەی پردی بۆکس کەلڤەردی شەش چاوەی شەقامی نێوان (بنەسڵاوە و کەسنەزان) تەواو کراوە کە مەترسی لافاو لەسەر شاری هەولێر کەمدەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (31-ی کانوونی یەکەمی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، پڕۆژەی دروستکردنی پردی بۆکس کەلڤەردی شەش چاوەی شەقامی نێوان (بنەسڵاوە و کەسنەزان)ـی بەسەر کردۆتەوە، بەپێی زانیارییەکان  پرۆژەکە بە گوژمەی (246 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر و بەشێوەی بەڵێدەرایەتی جێبەجێدەکرێت.

بەپێی راگەیاندراوەکەی پاریزگای هەولێر، پرۆژەی پردی بۆکس کەلڤەردی شەش چاوەی شەقامی نێوان (بنەسڵاوە و کەسنەزان) یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی کەمکردنەوەی کاریگەری لافاو لە شاری هەولێر و لە ئێستادا لە 98% ی کارەکانی تەواوکراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیاران و تیمی پڕۆژەکە کردووە.

ئامانج لە دروستکردنی پردی بۆکس کەلڤەردی شەش چاوەی شەقامی نێوان (بنەسڵاوە، کەسنەزان) کە ڕێرەوی ئاوی سروشتی بارانی بەرزاییەکانی کەسنەزان و مۆنیۆمێنتی شەهیدانە، کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاوە لەسەر گەڕەکەکانی ناوچەکە و شاری هەولێر بەگشتیی.

پێشتر ئەندازیار هاوکار عەزیز، نوێنەری بەرێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەرۆکانی هەولێر لە پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150 مەتری خێرا لە هەولێر، بە کوردستان 24ـی راگەیاند: پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150 مەتری خێرا لە هەولێر، لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت، یەکیان دروستکردنی ئاوەڕۆیەکە بۆ وەرگرتنی ئاوی ئاوبەری شەقامی 150 مەتری کە بە ئاراستەی گوندی کەڵەکین دەڕوات و ساڵانە دەبێتە مەترسی دروستبوونی لافاو لەسەر گوندی کەڵەکین، گوتیشی: %60  ی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە، بەشێکی دیکە لە پرۆژەکە دروستکردنی ئاوبەرێک و  ئاوەڕۆیەکی سندوقیە لە نزیک کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لەسەر رێگەی هەولێر بۆ پیرمام  کە تەواو بووە و کار دەکات.

هاوکار عەزیز ئاشکرای کرد: ئاوبەرێکی دیکە لەسەر رێگەی مەلا ئۆمەر  لە نزیک ئەکواتارین تەواو بووە، لەسەر هەمان رێڕەوی ئاو لەلای ئەکواتارین، بەڵام لەسەر رێگەی هەولێر - پیرمام ئاوبەرێکی دیکە لە نزیکترین کاتدا بۆ مەبەستی رەواندنەوەی مەترسی دروستبوونی لافاو دەستی پێدەکرێت.

ئەو ئەندازیارە پرۆژەیەکی دیکەی راگەیاند کە پرۆژەی رێکخستنی شۆڵدەری شەقامەکانە لە بازگەی هەولێرەوە تاوەکو پێچەکانی پیرمام، بەپێی قسەکانی ئەو،  لەو بەشە کاری رێکخستنەوە و خاوێنکردنەوەی جۆگە ئاوییەکان و ئاوبەرەکان ئەنجامدراون  بە گشتی 55%ـی پرۆژەکە جێبەجێکراوە.

0

 

0

 

0