گوندێکی سنووری ئاغجەلەر بۆردومان کرا

دیمەنێکی گوندی چنارتوو - ئەرشیف
دیمەنێکی گوندی چنارتوو - ئەرشیف

K24 - سلێمانی

گوندی چنارتوو لە ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بە درۆن بۆردوومان کرا.

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 1/1/2024، لە رێگەی درۆنەوە گوندی چنارتوو لە سنوورەکەمان بۆردومان کرا".

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، گوتیشی: "تائێستا نازانرێت بۆردومانەکە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە شەوی رابردووەوە بە بەردەوامی درۆن بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە".

هەرچەندە تائێستا رانەگەیەندراوە کە ئەو سنوورە لەلایەن کام وڵات و لایەن بۆردومان کراوە، بەڵام گومان دەکرێت درۆنەکانی تورکیا بن، چونکە بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە، پێشتر ئەو سنوورە لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کراوە.