هونەرمەند توانا موتیع: ستایلی گۆرانییەکانی من سەردەمیانەیە

K24 - هەولێر

گۆرانیبێژ توانا موتیع، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، باسی بەرهەمە هونەرییەکانی و رەسەنایەتی گۆرانی کوردی دەکات و دەڵێت: ستایلی گۆرانییەکانم سەردەمیانەیە و هەموو تەمەنێک حەزی پێدەکات بە گەنج و منداڵ و پیرەوە.

گۆرانیبێژ توانا موتیع، دەربارەی بەرهەمە تۆمارکراوەکانی رایگەیاند: خاوەنی دوو بەرهەمم، یەکەمیان (گومان) کە شیعری باوکمە و ئاوازی لورستانیە، دووەمیان (کزەی دەروون)، کە ئەویش ئاوازی خۆمە و شیعری باوکمە.

ئەو گۆرانیبێژە باسی کاری دوێت لەگەڵ هونەرمەندانی تر دەکات و ئاماژەی بەوەدا: جێگای شانازییە بۆمن لەگەڵ هەر هونەرمەندێک دەرکەوم و دوێتم هەبێت، زۆر هونەرمەندی دەنگخۆشمان هەیە و خاوەن جەماوەرێکی باشن، بەڵام تایبەتترینیان کە دوێتیان لەگەڵ بکەم هونەرمەندان، پەیوەند جاف و ئەلەند حازمە.

دەربارەی ستایلی تایبەتی هونەری خۆی ئەو گۆرانیبێژە گوتیشی:  ستایلی من، ستایلێکی سەردەمیانەیە و هەموو تەمەنێک حەزی پێدەکات بە گەنج و منداڵ و پیرەوە.

توانا باسی لەوەشکرد: ئێمە خاوەنی گەورەترین میوزیک ژەنین لە کۆن و لە ئێستایشدا خاوەن سەرمایەدارترین گۆرانی بێژین، گەورەترین ئاوازدانەر و دەنگ خۆشی بەتوانامان هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا کرچ و کاڵی پێوە دیارە لەلایەن هەندێک کەس کە خۆیان کردۆتە چاوساغی میوزیک و گۆرانی کوردی و ئەوانە بڵقەی سەر ئاون و زوو تێدەپەڕن.

هەروەها میوزیک و گۆرانی کوردی هەر بەرەوپێش دەچێت و تا پیاوی دانا و زانا هەبن مەبەستم دەنگ خۆش و میوزیسیان و ئاوازدانەری بەتوانا هەبێت میوزیکی کوردی هەرگیز هەژار نابێت، زۆربەی ئاوازی ئێستا کە دەستکاری دەکرێن، دەڵێن، ئاوازی بیانییە بەکاردێت، کە هەندێکیان زۆر جوانن و ئەوانەی جوانن لە ئەسڵدا کوردییە، بۆیە دەچێتە گوێی گوێگر و ئەوەی بە تەواوی بیانییە تامی نییە، بۆیە گوێگر هەر چەند جارێک گوێی لێ دەگرێت و تەواو کۆتایی پێدێت.

ئەو گۆرانیبێژە دەربارەی رەسەنایەتی میوزیک و گۆرانی کوردی روونیکردەوە: دەزانیت کارێکی ئاسان نییە کە موزیسیان بتوانێت پێناس یا شوناسێکی نەتەوەیی بە کارەکانیەوە دیار بێت، ئەمە ئەزموونێکی زۆری دەوێت و پشت بە زانین و توانایی دەبەستێت لە هەموو بوارە تیوری و زانستی  و ئێستاتیکیەکانی موزیکدا.

دەشڵێت: من هەوڵمداوە سیمایەکی کوردی و هاوکات تاڕەدەیەک سەردەمیانە و هاوچەرخانە لە کارەکانمدا ڕەنگ بداتەوە، تا چەند سەرکەوتووم تیایدا، ئەوەیان خەڵک دەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات.

ئەو هونەرمەندە جەختیکردەوە، وەک پێشتریش گوتم کورد خاوەنی میوزیکی خۆیەتی بە مۆرکێکی کوردی نەتەوەیی و ئەرکە لەسەر هەر یەکێکمان کە بەگرنگیەوە کار لەگەڵ ئەو مۆرکە کوردیەدا بکەین بە جیاوازی فۆرم و شێوازە میوزیکیەکانیشمانەوە. کاتێک کار بۆ گرووپێکی تێکەڵ لە ئامێرە موزیکیە میللی و ڕۆژهەڵاتیەکان دەکەیت، دەبێت بزانیت چی دەکەیت، دواجار هەر ئەو جۆرە مامەڵەکردنە وردەی میوزسیانەکانە کە شوناسێک بۆ میوزیکی کوردی درووست دەکات تا لە میوزیکی گەلانی تری جیا بکاتەوە.

سەبارەت بە رەسەن من بڕوام وایە هەموو کارێکی پشتبەستوو بە بنەمایەکی میوزیکی قوڵ و زانستی دەرئەنجام کارێکی رەسەنە، کارێکی رەسەن ئەو کارەیە کە نزیکە بە رۆحی گوێگرەکەی، پێوانەی کاری رەسەن کۆنی و تەمەنی کارەکە نییە، بەڵکو ناوەرۆک و مامەڵەکردنێکی ووردی میوزیکیانەیە لە رووی زانستی و تیۆری و ئێستاتیکەیەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو گۆرانیبێژە باس لە پڕۆژەی داهاتووی هونەری خۆی دەکات و دەڵێ: پرۆژەی هونەریم هەیە، هیوادارم بتوانم لەماوەیەکی نزیکدا بەرهەمەکانم تۆمار بکەم و بڵاوی بکەمەوە و ببێتە جێگای رەزامەندی گوێگرەکانم.

گۆرانیبێژ توانا موتیع، تەمەنی 24 ساڵە و خەڵکی شاری کەرکووکە و نیشتەجێی قەزای چەمچەماڵە.