بنەڤش جزیزی: عەشقی هونەر و دەنگی محەممەد عارف جزیریم

K24 - هەولێر

بنەڤش جزیری، یەکێکە لەو خانمە هونەرمەندە دیارانەی ئێستای هونەری گۆرانی کوردیی لە باکووری کوردستان و لە نەوەی عەسکەر جزیری لاوک بێژە.

بنەڤش جزیری لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، فۆلکلۆری رەسەنی کوردی فێری عەشقی هونەر و گۆرانی کردم، لە یەکەم وێستگەی هونەریشمدا دوو گۆرانیم بە ناوەکانی "باز، کەڤوکێ" بڵاوکردەوە و دڵی خەڵکی هونەردۆستی باکوورم بە لای خۆم و گۆرانیەکانمدا راکێشا، هەروەها لە دوای ئەو دوو بەرهەمەشدا وەک دەنگێکی چیایی چەند ئاهەنگێکی تایبەتیان بۆ رێکخستم و بەشداریم لە چەند بۆنەیەکی نەتەوەیشدا کرد.

بنەڤش جزیری گوتیشی: گۆرانی لە خانەوادەی ئێمەدا هونەرێکی بۆ ماوەییە و لە باپیرانمەوە فێری گۆرانی و لاوک بووم و هەمیشەش پشتیوانی لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانم دەکەن، ئەوەی زۆر کاریگەریی بەسەر ژیانی هونەری مندا هەبوو، دەنگی ئەفسوناویی محەممەد عارف  جزیری و حەسەن جزیری بوو، کە وایلێکردم عەشقی هونەر و گۆرانی کوردی بم.