گرووپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی عێراق بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا دەکەنە ئامانج

درۆن
درۆن

K24 – هەولێر:

گرووپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی عێراق لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا لەڕیگەی درۆنەوە دەکەنە ئامانج.

ئەمڕۆ دوو شەممە (1 ی کانوونی دووەمی 2024)، روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرایکرد، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە ئێران، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر  بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە دێرەزوری سوریا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، 11 مووشەک لە کێڵگەی غازیی کۆنیکۆ دراوە کە هێزەکانی ئەمریکا لەوێدان، هاوکات بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردۆتە سەر کێڵگەکە، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشانە نەزاندراوە.

پێشتر گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق رایانگەیاندبوو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردۆتە سەر بنکەی سەربازیی شەدادی ئەمریکی لە سوریا.

لە بەیاننامەیەکیاندا، ئەو گرووپە چەکدارانە کە ناوی خۆیان ناوە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایانگەیاند: ئەو هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ ئەو کوشتارییەی لە غەززە ئەنجام دەدرێت،ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت.

ماوەیەکە ئەو گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانەی عێراق، بنکەکانی سەربازیی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، سوریا بە ئامانج دەگرن، تا ئێستاش هیچ رێکارێک لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە بۆ رێگریکردن لە هێرشی ئەو گروپانە نەکراوە.