ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی دەمیرتاش لەسەر دۆسییەی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت

دەمیرتاش: بۆ باوکم و گەلەکەم بەشداری دانیشتنی دادگا دەکەم
سەڵاحەدین دەمیرتاش
سەڵاحەدین دەمیرتاش

K24 - هەولێر

هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، لەپێناو باوکی و گەلەکەی بەشداری لە پرۆسەی دادگاییکردنی دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 2/1/2023، دانیشتنی دادگایی تایبەت بە دۆسیەی کۆبانێ بەڕێوەبچێت، کە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و بەرپرسە باڵاکانی ئەو پارتە لەسەر ئەو پرسە دادگایی دەکرێن.

میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، دەمیرتاش بەشداری لە دانیشتنەکە دەکات و راشیگەیاندووە، هۆکاری بەشداری کردنی بۆ باوکی و گەلەکەی دەگەڕێتەوە و لەپێناو ئەوان و ئەو قەرزەی کە لەسەر شانیەتی، بەشداری لە پرۆسەکە دەکات.

دانیشتنەکە لە هۆڵی دادگا لە کەمپی زیندانی سینجان بەڕێوەدەچێت، بڕیارە دەمیرتاش لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە دانیشتنەکە بکات.

رۆژی یەکشەممە 31/12/2023، تاهیر دەمیرتاش، باوکی سەڵاحەددین دەمیرتاش کۆچی دوایی کرد.

لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە لەلایەن حکومەتی تورکیا دەستگیرکران و تا ئێستا لە زیندانن. هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەندین جار داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپەی کردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکات.