سەردانیکردنی هاووڵاتیان بۆکۆشکی ئیمپراتۆری ژاپۆن هەڵوەشایەوە

K24 - هەولێر

سەردانیکردنی خەڵکی ژاپۆن بۆ کۆشکی ئیمپراتۆری وڵاتەکەیان بەمەبەستی پیرۆزباییکردنی هاتنی ساڵی نوێ هەڵوەشایەوە، ئەم هەڵوەشانەوەیەش دوای بوومەلەرزەکەی دوێنێی ژاپۆن دێت.

ئاژانسی "بڵات"ـی سەر بە ماڵی ئیمپراتۆری ژاپۆن سەردانەکانی خەڵکی گشتی بۆ کۆشکی ئیمپراتۆری هەڵوەشاندەوە، کە بە بۆنەی سەری ساڵەوە ئەنجام دەدرێت، کە تیایدا خێزانی ئیمپراتۆری ژاپۆن لەسەر باڵکۆنی کۆشکەکە راوەستاون بۆ پیرۆزبایی کردن. ئەم بڕیارەش دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزە دێت کە رۆژی دووشەممە ناوەڕاستی ژاپۆنی گرتەوە.

ئیمپراتۆر و هاوسەرەکەی لەگەڵ ئیمپراتۆری باوک و ئیمپراتۆری دایک و شازادەی جێنشین، ژن و ئەندامانی دیکەی خێزانی ئیمپراتۆری، بڕیاربوو رۆژی سێشەممە، پێنج جار بچنە دەرەوە بۆ باڵکۆنی کۆشکەکە بۆ پێشوازیکردن لەو کەسانەی بە بۆنەی ساڵی نوێوە دەیانەوێت پیرۆزباییان لێبکەن.

 ئاژانسەکە بڵاوی کردەوە، ئەمە یەکەمجارە بەهۆی کارەساتێکی سروشتی چالاکییەکە هەڵدەوەشێتەوە.

 هەروەها راشیگەیاند، ئیمپراتۆر ناروهیتۆ و ماساکۆی هاوسەری هیوادارن ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن و هەوڵەکانی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بە خێرایی کار بکەن بەر لە هاتنی سەرمای سەختی زستان.

بەیانی رۆژی دووشەممە، 01-01-2024، نزیکەی کاتژمێر 10:10 خولەک "بەکاتی هەولێر"، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر، شاری ئیشیواکا، ناوەڕاستی وڵاتی ژاپۆنی هەژاند.

بەگوێرەی راپۆرتی تەلەفزیۆنی ژاپۆنی (NHK)، لە پارێزگای ئیشیواکا، نزیکەی شەش کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە.