دەستەی وەبەرهێنان رێبەری 'دەرفەتی وەبەرهێنانی زێڕین' بڵاودەکاتەوە
K24 - هەولێر
دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێبەری دەرفەتی وەبەرهێنانی زیڕین بڵاودەکاتەوە کە تێیدا چەندین بواری جیاوازی وەبەرهێنانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا دیارکردووە وەک رێنیشاندەرێک بۆ وەبەرهێنەری بیانی و ناوخۆیی سەبارەت بە پێویستی وەبەرهێنان لە کوردستان.
رێبەرەکە لە 57 لاپەرە پێکدێت و لە پێشەکیەکەیدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رەخساندنی هەلی وەبەرهێنان و گرنگی وەبەرهێنان کردووە.
سەرۆک وەزیران نووسیویەتی: "کەرتی تایبەت و گشتی تەواوکەری یەکدین و ئەمەش تەنها دروشمێک نییە. ئێمە باوەڕمان پێیەتی و لە گرنگی و کاریگەری بەشداری کەرتی تایبەت لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی ئابووری وڵات تێدەگەین".
کابینەی نۆیەم وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، هەوڵی هەمەچەشەنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەدات و بە باشترین شێوە کاردەکات بۆ پشتگیریکردنی وەبەرهێنان لە چەندین کەرتی جیاواز.
رێبەرەکە دواتر کورتەیەک لە ئامانج و یاسای بەرکاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو. بە گوێری رێبەرەکە، "دەرفەتە زێرێنەکانی وەبەرهێنان" لە هەرێمی کوردستان بەسەر چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆدا دابەشکراون.
لە پارێزگای هەولێر، بۆ نموونە، چەند پرۆژەیەک وەک دەرەفەتی زێڕینی وەبەرهێنان دیاریکراون، لە نێویاندا ناوچەیەکی پیشەسازی قورس لە خورمەڵە و شارێکی پزیشکی لە قەزای خەبات لەگەڵ دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی لە ئارارات.
دروستکردنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون یەکێکی دیکە لە دەرفەتە زێڕینەکانی وەبەرهێنان. لە پارێزگای هەڵەبجە، دامەزراندنی ناوچەیەکی پیشەسازی خۆراک و ئاوی کانزایی وەک دەرفەتی زێڕین ناویان هێنراوە. لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش، دامەزراندنی ناوچەیەکی پیشەسازی و کارگەی شیرەمەنی ئاماژەیان پێدراوە.