بازرگانێکی لوبنانی لە هەولێر کۆچی دوایی کرد

تاریق عەمماش, بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەی گوندی لوبنانی لە شاری هەولێر
تاریق عەمماش, بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەی گوندی لوبنانی لە شاری هەولێر

K24 – هەولێر:

تاریق عەمماش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەی گوندی لوبنانی لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 هۆکاری مردنەکەی ئاشکرادەکات.

رۆژی (سێشەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بازرگانە لوبنانییە شەوی سەری ساڵ بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە و پێشتریش چەند جارێک جەڵتە لێیداوە و تەندروستی تەواونەبووە.

تاریق عەمماش کە بازرگانێکی بە رەگەز لوبنانییە و تەمەنی نزیکەی 50 ساڵە، هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسییە، شەوی سەری ساڵ لە نێو یەکێک لە ژوورەکانی هوتێلی مەسایای ناو پرۆژەی گوندی لوبنانی گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تەرمی ئەو بازرگانە لوبنانییە لە پزیشکی دادی هەولێرە و توێکاری بۆ دەکرێت بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی مردنەکەی واشبڕیارە دواتر تەرمەکەی رەوانەی لوبنان بکرێتەوە و لەوێ بەخاک بسپێردرێت.