وەعدی سلێمان: دادگای فیدراڵی متمانەی تەواوی لایەنەکانی نییە

بەسمە ئەوقاتی: پێویسته‌ دادگای فیدراڵی له‌ نێوان لایه‌نه‌كان نێوه‌ندگیر بێت
وەعدی سلێمان، شرۆڤەکاری دەستوور و بەسمە ئەوقاتی، پسپۆڕی دەستوور
وەعدی سلێمان، شرۆڤەکاری دەستوور و بەسمە ئەوقاتی، پسپۆڕی دەستوور

K24 – هەولێر:

شارەزایانی دەستوور ئاماژەیان بەوەدا، کە کۆدەنگی لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی نییە. دەشڵێن: پێویستە دادگای فیدراڵی لەنێوان لایەنەکان نێوەندگیر بێت و بڕیارەکانی دادپەروەرانە بێت.

وەعدی سلێمان، شرۆڤەکاری دەستوور و بەسمە ئەوقاتی، پسپۆڕی دەستوور، لەمیانەی بەشداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 راوسەرنجی خۆیان لەسەر هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی خستەڕوو و هەردوولا جەختیان لەوە کردووە، کە پێویستە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تەواو یاسایی بێت و لە بەرژەوندی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی عێراق بێت و نابێت لایەنگیری تێدابێت.

وەعدی سلێمان، شرۆڤەکاری دەستوور، لەبارەی هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی رایگەیاند، دەبوو لە پێشوودا ئەو بابەتە یەکلاییبکرابایەوە و پێویستبوو رەشنووسی پڕۆژەیاساکە بە تەنیا حکومەتی عێراق ئامادەینەکردبدا، بەڵکو بە رەزامەندی هەموو لایەنەکان ئامادەکرابووایە.

هاوکات راشیگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان سەرجەمیان نادەستووری بوون. لەبارەی پرسی نەوت و گاز، گوتی: پێویست بوو دادگای فیدراڵی هەڵوێستی هەبا لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، بەڵام هیچ کاتێک دادگا باسی نەکرد و بە هەندی وەرنەگرت.

ئەو شرۆڤەکارەی دەستوور، ئاماژە بەوەدا، دەبێت کۆدەنگییەکی سیاسی لەبارەی پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی هەبێت. ناوبراو روونیکردەوە، ئەندامەکانی دادگای فیدراڵی دوو سوونەیە و پێنجی شیعەیە، هەرکاتێک بڕیارێک دژی هەرێمی کوردستان دەربکەن بە زۆرینەی دەنگ جێبەجێی دەکەن، پێویستە بەندەکی یاسایی لەو پڕۆژەیاسایەدا هەبێت کە پێویستە هەر پرسێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لەو دادگایە کاری لەسەر بکرێت دەبێت هەشت ئەندامی دادگاکە کۆدەنگ بن بۆ ئەویە بڕیارەکە دەربچێت گەر وانەبێت ئەوە هیچ گرێنتییەک نییە کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان نەبێت.

وەعدی سلێمان، دەڵێت: ئەم دادگایە، دادگای هەندێک لایەنە، پێویست بوو دادگایەکی سەربەخۆ بووایە، هەروەها  پێویستبوو بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی هەموو عێراق بووایە. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، دادگای فیدراڵی متمانەی تەواوی لایەنەکانی نییە و لەسەر بنەمای دەستوور دانەندراوە.

لەلایەن خۆیەوە، بەسمە ئەوقاتی، پسپۆڕی دەستووری، ئاشکرایکرد، دادگای فیدراڵی لە سەرەتای دروستکربوونییەوە تاوەکو ئێستا جۆرێک لە شڵەژان هەیە پەیوەسەت بە بابەتەکە، چونکە هەمیشە کۆدەنگی لەسەر پرۆژەیاساکە نەبووە، بۆیە دەگوترێت دادگای فیدراڵی دادگایەکی دەستووری نییە.

ئەو پسۆڕەی دەستوور رایگەیاند، پێویستە هەمیشە دەستوور سەرچاوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، هەروەها ئەم هەموارەی کە 2011 کراوە بۆ ئەم پڕۆژەیاسایە وەک ئەوا وایە کە تەنیا خۆ رزگارکردن بێت، پێویست بوو تێهەڵچوونەوە بۆ بابەتەکە بکرابووایە.

بەسمە ئەوقاتی، ئاماژەی بەوەدا، لایەنەکان پێیان وایە دادگای فیدراڵی بابەتەکان یەکلایی دەکاتەوە و بواری تێهەڵچوونەوەی نییە، بۆیە پێویستە جۆرێک لە هاوسەنگی هەبێت و بابەتی راوێژکاری وەربگیرێت لە ئەنجوومەنەکان، بۆ ئەوەی تەواوی لایەنەکان کۆدەنگیان لەسەر بابەتەکان هەبێت.

ئەو پسۆڕەی دەستوور، لەبارەی دەستووریبوونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گوتی: دەستووریبوونی بڕیارەکانی دادگا پەیوەستە بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ جێبەجێکردنی ماددە دەستووریەکانی نێو دەستووری عێراق و نابێت بە جۆرێک سیاسیکردن هەبێت بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.

گوتیشی: پێویستە دادگاکە هەموو لایەنە عێراقییەکانی لەلا گرنگ بێت و لە تەواوی دۆسییەکان بڕیاری دادپەروەرانە دەربکات و ببێتە نێوەندگیر و لایەنی سەربەخۆ لە رووی سیاسییەوە.