پێشەوا هەورامانی بۆ کوردستان24: هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا

پێشەوا هەورامانی
پێشەوا هەورامانی

K24 – هەولێر:

بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، وابڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی کۆببێتەوە.

رۆژی سێشەممە (2ـی کانوونی دووەمی 2024) پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد: هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجە و مووچە ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا و گووتیشی شاندەکە بۆ چاره‌سه‌رێكی یه‌كجاره‌كی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه‌.

شانده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ئامانجی سەردانەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر یاسای نەوت و غاز و ھەمواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجە و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ چارەسەركردنی کێشەی مووچە.

ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە‌غدا دەبێتە یەکەم سەردانی ساڵی 2024 بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی ساڵی رابردوو لەبارەی پرسە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی.

رۆژی (21ـی کانوونی یەکەمی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لە ساڵی 2023 وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی باشمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبوو بەڵام ئەوان پابەندی باشیان نەبوو، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە حکومەتی هەرێم چاوەڕێی پابەندی تەواو لە حکومەتی فیدراڵی دەکات و کات کوشتن چیتر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناکات.

هەروەها لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023، جەختکرایەوە لەوەی کە چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدراڵییە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ساڵی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران تێکەڵی ناکۆکیيە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لەکاتی خۆی وەربگرن.