دادوەرێکی فیدراڵی بڕیارێکی لەبەرژەوەندی دۆناڵد ترامپ دەرکرد

K24 - هەولێر

دادوەرێکی فیدراڵی لە ویلایەتی ڤێرجینیا داوایەکی یاسایی چالاکوانانی دیموکراتەکانی رەتکردەوە، کە لە کۆتایی مانگی رابردوودا تۆماریانکردبوو، داوایان کردبوو کە رێگری بکرێت لە بەشداریکردنی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانی ویلایەتەکەدا، کە بڕیارە مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەبچێت.

دادوەرەکە لە بڕیارەکەیدا رایگەیاندووە، داواکاران بەڵگەیەکی تەواویان نەخستووەتەڕوو بۆ پشتگیریکردن لە داواکەی خۆیان کە بەشداریکردنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ڤێرجینیا زیان بە ئەوان و پرۆسەی سیاسی دەگەیەنێت.

بەم بڕیارە ڤێرجینیا دەچێتە پاڵ ویلایەتی مینیسوتا و میشیگان و کالیفۆرنیا کە رەتیانکردەوە رێگری لە ترەمپ بکەن لە خۆکاندیدکردن.

هۆکار و پاڵنەرەکان بۆ رێگریکردن لە خۆکاندیدکردنی ترامپ لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە مانگی یەکی ساڵی 2021دا هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس.

ترامپ سکاڵای یاسایی تۆمارکرد بۆ ئەوەی ناوی بگەڕێنرێتەوە بۆ دەنگدانی سەرەتایی سەرۆکایەتی لە ویلایەتی مەین، دوای ئەوەی ویلایەتەکە ئەوی دوورخستەوە بەهۆی هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020، کە بە جۆ بایدن دۆڕابوو.

ترامپ رووبەڕووی ئاڵنگاری هاوشێوە دەبێتەوە بۆ کاندیدبوونی لە ویلایەتەکانی دیکە، لەنێویاندا کۆلۆرادۆ، کە دادگای باڵای ویلایەتەکە بڕیاریدا ترامپ لە دەنگدانی سەرەتایی دووربخرێتەوە، کە سەرۆکی پێشوو بەنیازە تانە لە دادگای باڵای ئەمەریکا بدات.

هەر بڕیارێک لە دادگای باڵای ئەمەریکاوە بدرێت، دەبێتە دوا وشە سەبارەت بەوەی کە ئایا ترامپ مافی ئامادەبوونی هەیە لە دەنگدانی سەرەتایی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ و مەین و ئەو ویلایەتانەی دیکە یاخود نا.