لە فەرەنسا دزێک دوای چارەکە سەدەیەک کەڵەشێرێکی زێڕین دەگەڕێنێتەوە

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی دادوەری فەرەنسی رایگەیاند، دزێک کەڵەشێرێکی زێڕینی گەڕاندۆتەوە کە لە گوندێکی فەرەنسی دزرابوو، کەچارەکە سەدەیەک لەمەوبەر دزرابوو.

ئەو کەڵەشێرە ئاسنینە لە نیسانی ساڵی 1999 لە لوتکەی خاچێکی کاسۆلیکی لە دەرەوەی گوندی بێسان دزراوە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی پێنج هەزار و 500 کەسە و دەکەوێتە نێوان شارەکانی بێزییە و ئاگدە لە باشووری رۆژئاوای فەرەنسا.

ساڵانێک بوو دانیشتوانی ناوچەکە پرسیاریان لە شوێنی ئەو کەڵەشێرە ونبووەکە دەکرد، تا ئەو کاتەی باڵندە کانزاییەکە بۆ مێژوونووس میشێل ساباتێری نێردرا.

ساباتێری بە نووسینی لە رۆژنامە و سۆشیال میدیادا ئەو نهێنییەی بە خەڵک دا، کاتێک لە مانگی نۆڤەمبەردا پەیکەرەکەی وەرگرتبوو، ساباتێری نووسینگەی سەرۆکی شارەوانی ئاگادارکردەوە، ئەوانیش رافایل بالان داواکاری گشتی بێزییەی ئاگادارکردەوە.

سەرۆکی شارەوانی بیسان ستیفان بیبان بۆنییە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: پۆلیس بەخێرایی دزەکەیان ناسییەوە، لەبەر ئەوەی بە کارتی بانکییەکەی پارەی پۆستەکانی داوە.

رافایل بالان داواکاری گشتی بێزییە ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک پۆلیس رووبەڕووی بووەتەوە، دزەکە دانی بەوەدا ناوە کە لە شەوێکدا بەشداریی لە ئاهەنگێکدا کردووە، کە خواردنەوەی کحولی تێدابووە، کەڵەشێرەکەی بردووە.

داواکاری گشتی راشیگەیاند، هەستی بە شەرم کردووە لەو کارەی کە کردوویەتی، بۆیە نەیوێراوە کەڵەشێرەکە بگەڕێنێتەوە، لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا شاردویەتیەوە.

دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک، ئەو پیاوە کە ئێستا تەمەنی لە کۆتایی چلەکاندایە، لە ژێرزەمینەکەیدا ئەو پەیکەرەی دەرهێناوە بڕیاریدا بیهێنێتەوە.

سەرۆکی شارەوانی بیسان رایگەیاند، ئەم کەڵەشێرەکە لە مەراسیمێکدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاچی ئاسنین کە دواتر بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمجارەیان "هێندە باش دەبەستریتەوە کە جارێکی دیکە ناتوانرێت ببرێت".

داواکاری گشتی رەتیکردەوە ناسنامەی دزەکە ئاشکرا بکات، چونکە یاسای بەسەرچوون لە فەرەنسا وایکردووە بێبەری بێت لە لێپێچینەوە یاساکە بریتییە لەوەی "شەش ساڵ بەسەر دزیی بچووک تێپەڕێت لێکۆڵیەوەی لەگەڵ تۆمەتبار ناکرێت".