ئیبراهیم رەئیسی: تۆڵەکردنەوە لە ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستیەکەی کرمان حەتمی و یەکلاکەرەوەیە
K24 – هەولێر:
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران دووپاتدەکاتەوە، تۆڵە لەوانە دەکەنەوە کە لەپشتی تەقینەوە تیرۆریستیەکانی کرمان بوون.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند: تەقینەوەکانی کرمان پیلانگێڕیەکی نوێیە، هێزەکانیان بەپەلە و زۆر بەتوندی وەڵام دەدەنەوە.
پێشتر دەستەی فریاکەوتنی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوە تیرۆریستیەکانی کرمان لە نزیک مەزارگەی فەرماندەی سوپای فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی، 103 کوژراو و 141 برینداری لێکەوتەوە، لەو کاتەی مەراسیمی یادی چوارساڵەی کوژرانی دەکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2024، چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا تێدەپەڕێت، بەوبۆنەیە ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر چووبوونە سەر مەزارگەکەی لە شاری کرمان.
بەرەبەیانی رۆژی 03-01-2020، لە بۆردوومانێکی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکادا، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.