لە ئێران سبەی کرایە ماتەمی گشتیی
K24 – هەولێر :
بۆ قوربانییانی تەقینەکانی ئەمڕۆی کرمان، ئێران سبەی کردە ماتەمی گشتیی .
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، سبەی لە ئێران ماتەمی گشتییە بۆ قوربانییانی تەقینەوەکانی کرمان لە نزیک مەزارگەی قاسم سولەیمانی و مزگەوتی ساحێب زەمان.
بەپێی دوایین زانیاریی و ئاماری میدیاکانی ئێران. ژمارەی قوربانیانی دوو تەقینەوەکەی نزیک مەزارگەی قاسم سولەیمانی و مزگەوتی سساحێب زەمان لەسەر رێگەی رەوزەی شەهیدان، لە پارێزگای کرمان گەیشتە 103 کوژراو و 141بریندار.
دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند: تەقینەوەکە کارێکی تیرۆریستی بووە و لەرێگەی دوو جانتای پڕ لە تەقینەوە ئەنجامدراوە.
ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردەوە، ئەو کردەوە تیرۆریستیانە خۆکوژی بووە و لەرێگەی دوو جانتای پڕ لە تەقەمەنی ئەنجامدراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2024، چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا تێدەپەڕێت، بەوبۆنەیە ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر چووبوونە سەر مەزارگەکەی لە شاری کرمان.
بەرەبەیانی رۆژی 03-01-2020، لە بۆردوومانێکی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکادا، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.