هاكان فیدان: هاوپەیمانێتییەکەی پەکەکە و یەکێتی بە تەواوی دژی ئیدارەی هەولێره‌

هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا
هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا

K24 - هەولێر:

هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، پەکەکە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەرەیان بە هاوپەیمانێتییەک داوە.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: هاوپەیمانێتییەکەی پەکەکە و یەکێتی بە تەواوی دژی ئیدارەی هەولێره‌.

فیدان له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌ و هه‌ندێ پرسی دیكه‌ وه‌ڵامی ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی له‌ ئه‌نقه‌ره دایه‌وه‌ گوتی: په‌كه‌كه‌ و یه‌كێتی دژی ئیدارەی هه‌ولێر په‌ره‌یان به‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ك داوه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه،‌ لە کارەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی نەهێڵین هاوبەشێتیی نێوان پەکەکە و یەکێتی لە ناوچەکەدا ببێته‌ هاوکێشەیەکی کاریگەر.

رۆژی 23-12-2023، هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 22-06-2024 درێژکردەوە.

رۆژی 3رۆژی ـی نیسانی 2023 کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان راگرت.

نزیکەی 176 نووسینگە و بریکاری گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە رۆژانە رێکلامیان بۆ گەشتی تورکیا دەکرد، بەڵام دوای راگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەشێک لە نووسینگانە رێکلامەکانیان راگرت.

پێشتر تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی راگەیاندبوو، لەچوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی "رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە" لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو "رێکخراوە تیرۆریستییە" بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی داوە.