فراکسیۆنی پارتی بەدواداچوون بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، "لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی یاسادانان، بەدواداچوون بۆ هۆکار و ئامانجەکانی هێرشی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین و بۆ ئەم مەبەستە سەردانی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی عێراق دەکەین".

دوو لیوا هاوبەشەکەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەشقدان، بەسەر سێ شوێنی مەشق و راهێنان دابەشکراون، کەرکووک، دیالە و موسڵ. دوای تەواوبوونی مەشق و راهێنانەکان، لەلایەن ئەو لێژنەیەی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکهێندراوە، لیواکان بەسەر ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە جێگیردەکرێن، کە ئێستا ئەو ناوچانە بوونەتە شوێنی هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان.

محەممەد سابیر، شارەزای سەربازی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم بۆشاییە ئەمنییانە بووەتە مۆڵگایەکی خەتەرناک بۆ حەشاردانی تیرۆرستەکان، بۆیە زۆر پێویستە ئەو بۆشاییە ئەمنییانە لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پڕ بکرێنەوە".

بۆ چەندەمین جارە، لەلایەن گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، بە شێوەی جۆراوجۆر هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، جارێک لە رێگەی درۆنەوە جارێک لە رێگەی مووشەکەوە.

سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە راگرتنی هێرشەکان بە کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، لە چوارچێوەی سەردانی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆی عێراق بەدواداچوون بۆ پرسەکە دەکەین.

شەوی (30ـی کانوونی یەکەمی 2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر.