ترامپ داوا لە دادگا دەکات بڕیاری رێگریکردن لە کاندیدبوونی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ هەڵوەشێنێتەوە

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دوێنێ چوارشەممە داوای لە دادگای باڵای وڵاتەکەی کرد ئەو بڕیارە پووچەڵ بکاتەوە کە لەلایەن باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری لە ویلایەتی کۆلۆرادۆوە دەرچووە و ڕێگری لێدەکات خۆی کاندید بکات بۆ هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەو ویلایەتە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، پارێزەرانی ترەمپ لەبەردەم دەزگای دادوەری ویلایەتی مەین تانەیان لە بڕیارێکی هاوشێوە دا، کە لەلایەن وەزیری کاروباری ویلایەتەکەوە دژی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا درابوو.

هەردوو ویلایەتەکە سەرۆکی پێشوویان بە "ناشایستە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک" زانی، بەهۆی رووداوی هێرشکردنە سەر بارەگای کۆنگرێس کە لەلایەن لایەنگرانی ترامپەوە لە 6ـی یەنایەر 2021، کرا.

پارێزەرانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا داوایان لە دادگای باڵای ئەمەریکا کرد، کە لە نۆ دادوەر پێکهاتووە و سێیان بە شێوەیەکی کەسی لەلایەن ترامپەوە دەستنیشانکراون، ئەو بڕیارە لەبەرچاو بگرن کە لەلایەن دادگای باڵای کۆلۆرادۆوە دژی ترامپ دەرچووە و بە نادروستی بزانن.

دوو هەفتە لەمەوبەر دادگای باڵای ویلایەتی کۆلۆرادۆ بڕیاریدا کە ترامپ شایستەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا نییە، چونکە "لە 6ـی یەنایەری 2021، سەرقاڵی کودەتا بوو کاتێک جەماوەرێکی زۆر لە لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر بارەگای کۆنگرێس.

ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەمواری 14می دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە کە هەرکەسێک پێشتر سوێندی بە دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خواردبێت و ئەگەر سوێندەکەی بشکێنێت، ئەوە قەدەغەی دەکات هیچ پۆستێکی هەڵبژێردراوی هەبێت.

پارێزەرانی ترەمپ ئاماژەیان بەوەکرد، "ئەگەر ئەم بڕیارە دادوەرییە هەڵنەوەشێنرێتەوە، ئەوە یەکەمجار دەبێت لە مێژووی ئەمەریکا، کە سیستەمی دادوەری رێگری لە دەنگدەران بکات کە دەنگیان بە کاندیدێکی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بدەن".

بەگوتەی پارێزەرەکان، "مافی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا بابەتێکە کە تەنها پەیوەستە بە کۆنگرێسەوە نەک دادگای ویلایەتەکان کە بیری لێبکاتەوە و بڕیاری لەسەر بدات".

دادگای باڵای کۆلۆرادۆ وەک ویلایەتی مەین بڕیارەکەی سەبارەت بە ناشایستەیی ترەمپ لەسەر بنەمای "ماددەی سێیەمی هەموارکردنی 14هەمی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دانا.

لە 6ـی 1ـی 2021، بە سەدان لایەنگرانی ترامپ هەڵیانکوتایە سەر بینای کاپیتوڵ کە کورسی کۆنگرێس و بالەخانەی دیموکراسی ئەمەریکایە، بۆ ئەوەی یاسادانەران نەتوانن بڕیار لەسەر سەرکەوتنی جۆ بایدن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بدەن.