راهێنەرانی نەوتی باکوور لە کەرکووک گردبوونەوە

K24 - هەولێر

نزیکەی 458 کەس داوای دامەزراندن دەکەن لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، را‌هێنانیان پێکراوە و پشێتر بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە.

یەکێک لە خۆپیشاندەران، بە کوردستان24ـی گوت: "ئێمە پێنج ساڵە خۆپیشاندان دەکەین، لەم دواییانەدا ناومان چووە ناو لیستی بودجەوە، کۆمەڵێک لەو کەسانەی ناو کۆمپانیاکە ناوەکانیان گۆڕیوە، کەسی نزیکی خۆیان کردووەتە ناو لیستەکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئیدارە ناوەکانیان گۆڕیوە، ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین، بەچ یاساییەک مافمان دەخۆن؟".

گوتیشی: "ئێمە ناومان چووە ناو لیستەکە، لایەنە بەرپرسەکان و کۆمپانیا ناوی کەسە نزیکەکانی خۆیان، لەبری ئێمە  کردە ناو لیستەکەوە، داواکارین پارێزگار یاخود د. شاخەوان عەبدوڵڵا، بێن بەدەم داواکەمانەوە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن".

یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەران، دەڵێت: "ئێمە نزیکەی پێنج ساڵە ناومان هەیە، وەک راهێنەر دەستبەکاربووین، بەردەوام خۆپیشاندانمان کردووە، د. شاخەوان عەبدوڵڵا ناوی ئێمەی خستووەتە لیستی بودجەوە، ئێستا هیچ بڕیارێک جێبەجێ ناکەن و ناوی لیستەکەشیان گۆڕیوە کە زیاتر لە 450 کەسین، ئێستا کۆمپانیاکە دەڵێت: بڕوانامەی ئێوەم ناوێت 450 کەسی دیکەیان خستووەتە جێگەی ئێمەوە، دەیانەوێت فۆڕمی دامەزراندنەکە بکەن بە ئەلیکترۆنی کێشە نییە، بەڵام بۆچی ناوەکان دەگۆڕن؟ ئەمە جێگەی پرسیارە، ئێمە چوار ساڵە بەردەوام راهێنان دەکەین و پێنج ساڵە بەردەوام خۆپیشاندان دەکەین، دەیانەوێت بە یاری بە ژیان و مافمان بکەن".

راشیگەیاند: "ئەوانەی واستەیان هەبووە، ناویان لە جێگەی ئێمە جێگیر کراوە، ئەمڕۆ ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین، پێنج ساڵە ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە".