زانکۆی سەڵاحەددین ئامادەکاری بۆ ناردنی قوتابییان بۆ زانکۆکانی ئەوروپا و بەریتانیا دەکات

زانکۆی سەڵاحەددین
زانکۆی سەڵاحەددین

K24 – هەولێر:

زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی قوتابییانی خوێندنی دکتۆرای بنێرێتە زانکۆکانی ئەوروپا و بەریتانیا بۆ مەبەستی نووسینی بەشێکی تێزی دکتۆراکانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی راگەیاند، كامه‌ران یونس محمدئه‌مین، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین به‌ ئاماده‌بوونی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و راگری ژمارەیەک کۆلێژ سیمینارێكی بۆ قوتابییانی دكتۆرای زانكۆی سەڵاحه‌ددین پێشكه‌شكرد.

ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج له‌م سیمیناره‌ روونكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی قوتابییانی دكتۆرای زانكۆی سه‌ڵاحەددین بوو بۆ مه‌به‌ستی نووسینی به‌شێكی تێزی دكتۆراكانیان له‌ زانكۆكانی ئەوروپا و بەریتانیا.

بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین، گوتی: له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م قوتابییانی دكتۆرای به‌شه‌ زانستییه‌كان ده‌نێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ نووسینی بەشی پڕاکتیکی تێزی دكتۆرا له‌گه‌ڵ زانكۆ به‌ناوبانگ و ئه‌كادیمییه‌كانی ئەوروپا و بەریتانیا، قوتابییانی دکتۆرا ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک دەتوانن لە دەرەوە بمێننەوە بۆ کاروباری تێزی دکتۆراکانیان.

گوتیشی: هەروەها ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغەکانی تر قوتابییانی ماستەر و بکالۆریۆسیش دەگرێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ئەو مامۆستایانەش کە دەیانەوێت پۆست دکتۆرا بخوێنن زانکۆ هاوکاریان دەبێت.

سامان عەبدوڵڵا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بەشێکی دیکەی ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغەکانی دیکەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن بریتییە لە ناردنە دەرەوەی  قوتابییانی قۆناغی چواری زانکۆ، بۆ ئەوانەی توێژینەوەکانیان لە پێشبڕکێ سەرکەوتوو دەبێت.