نووری كاكەخان: هونەر زەرەری ماددی زۆری لێداوم

نووری كاكەخان، هونەرمەند
نووری كاكەخان، هونەرمەند

K24 – هەولێر:

هونەرمەند نووری كاكەخان لەم گفتوگۆیەیدا بۆ كوردستان24 ئاماژه‌ به‌وه‌ دەكات، دەقی هونەری باش و ئەكتەری باش دەبێتە سەردەمی زێڕین بۆ هونەر دەشڵێت: هونەر زەرەری ماددی زۆری لێداوم.

كوردستان24: دوا کاری هونەریت چی بوو؟

نووری كاكەخان: زنجیرە درامای پێرەمێرد و كۆمەڵگەكەی بوو، كە لە سی زنجیرە پێكهاتووە و دەرهێنانی شۆڕش قادر، چاوەرێی سپۆنسەرین تا پێشكەش بكرێت.

كوردستان24: چ کاتێک بە سەردەمی زێڕینی هونەری كوردی دەزانیت؟

نووری كاكەخان: هەركاتێك دەقێكی باش هەبێت لەگەڵ ژمارەیەك كارەكتەری باش ئەوە سەردەمی زێرینی هونەری كوردیە و ئەو كارە دەمێنێتەوە و دەبێتە كارێكی زێڕین.

كوردستان24: هونەر زیانی مادی لێداویت؟

نووری كاكەخان: هونەر زەرەری مادی زۆری لێداوم بە تایبەت لەو كاتەی وەستایی سەرتاشین بووم، بە مانگ و دوو مانگ دوكانكەم جێدەهێشت پرۆڤەم دەكرد بەبێ ئەوەی دینارێك لەكەس وەربگرم، بەڵام قەرەبووی ئەوە زەرەرەشی بۆ كردوومەتەوە خۆشەویستی و ریزی زۆری لەناو خەڵكدا پێبەخشیووم.

كوردستان24: ئەو رۆڵانەی بەرجەستە کردوون تاچەند لە كەسایەتی خۆتەوە نزیكە؟

نووری كاكەخان: تەنیا دوو كاریان ئەوانیش هەیاسی خاس لە درامای یاداشتەكانی سوڵتان محمود، كەسایەتی مەریوان لە درامای گوڵە بێرۆژەكان.

كوردستان24: چۆن بوویتە كامێرەمان؟

نووری كاكەخان: ئەوە سەرەتای نەوەتەكان بوو، كە كاری وێنەگرتنم بۆ هەریەك لە هونەرمەندان میدیا حوسێن ‌و سالار محمود ‌و عەتا ئەحمەد ‌و كامەران عومەر بەهجەت یەحیا،  حەمە رەئوف كەركوكی، زاهیر جەلال، دڵنیا قەرەداغی، عەباس محەممەد و چەند هونەرمەندی دیكە كردووە.

كوردستان24: یەکەم کاری هونەریت کەی بوو؟

نووری كاكەخان: یەكەم كاری هونەریم بە ناوی شەوێك لە ژیانی خانزاد سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو بوو، پاشان لە تەلەڤزیۆنی كەركوك بەشداری بوكی ژێر دەواری رەشم كرد.

كوردستان24: چۆن دەستكرد بەكاری هونەری؟

نووری كاكەخان: ئەوكات وەها باو بوو شەوانە خێزانەكانی سلێمانی دەچوونە سینەما، دایك و باوكم دەچونە سیما منیشیان دەبرد هەر لەو كاتەوە ئەو حەزم لەلا دروست بوو كە ببمە ئەكتەر و كاری هونەری بكەم.

كوردستان24: منداڵیت چۆن بوو؟

نووری كاكەخان: بەهۆی ئەوەی هەژار بووین هەر بە منداڵی كرێكاریم كردووە دوا كاریشم سەرتاشی بووم لەسەر دەستی ئاواتی حەمە فەرەج.

كوردستان24: ئەوەی بیرت ناچێتەوە؟

نووری كاكەخان: ئەو ساڵانەی لەگەڵ باوكم بووین قەت لەبیرم ناچنەوە كە دەچوینە سینەما سیروان و چایخانەی حەمە رەق لە شەقامی بێكەس و زۆر شوێنی دیكەش.

كوردستان24: گەڕەكی كانێسكان چیت بیر دەكاتەوە؟

نووری كاكەخان: ژیانێكی سادە و ساكاری منداڵێم بیردەخاتەوە، كە تۆپێكی لاستیكم نەبوو لە كۆڵان و چاوشاركێمان دەكرد.