دەم پارتی لەنێوان ئاکپارتی و جەهەپە رێگەی سێیەم هەڵدەبژێرێت؟

لۆگۆی جەهەپە، دەم پارتی و ئاکپارتی - گرافیک: کوردستان24
لۆگۆی جەهەپە، دەم پارتی و ئاکپارتی - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ئەنجامدانی هاوپەیمانی بەردەوامە، هەرچەندە کێبڕکێی سەرەکی لە نێوان ئاکپارتی و جەهەپەیە لە شارەوانییە گەورەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دەم پارتی وەک هێزی یەکەمی باکووری کوردستان لەلایەن هەردوو پارتە رکابەرە سەرەکییەکەوە گرەو لەسەر دەنگەکانیان لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە دەکرێت.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت، پێشتر ئیی پارتی رەتیکردەوە لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمانیەتی پێکبهێنێت بەڵام ئاک پارتی و جەهەپە تا ئێستا دەستبەرداریی خۆنزیککردنەوە لە دەم پارتی نەبوون، لەبەرامبەردا دەم پارتی دەڵێت، هەر جۆرە هاوپەیمانیەتییەک بکەن پێویستە لەبەردەم کامێراکان و خەڵکی تورکیا بێت چونکە لە هەڵبژاردنی رابردوو ئەزموونی تاڵیان هەبووە و دژی رێککەوتنی ژێربەژێرن.

بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

ئاکپارتی و مەهەپە هەر پێکەوە دەبن

هەردوو پارتی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە تورکیا بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024ـیش پێکەوە بەشداری بکەن و بەگوێرەی ئەو نەخشەرێگەیەی پێشتر رایانگەیاندووە، ئاکپارتی لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانەکەیەتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 کە هەردوو شارەوانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرەی بەرامبەر جەهەپە دۆڕاند.

ئاکپارتی و مەهەپە لە 30 شارەوانیدا هاوکاری یەکتر دەکەن و رێککەوتوون کە ئاکپارتی لە 28 شارەوانی گەورەدا کاندیدی هەبێت و مەهەپە بۆ دوو شارەوانی گەورە کاندیدی هەبێت کە بریتین لە شارەوانییەکانی مێرسین و مانیسا. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 29 شارەوانی پێکەوە بەشداردەبن و لە 22 شارەوانیشدا بە خۆیان بەشدار دەبن.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا کە (14ـی ئایاری 2023) بەڕێوەچوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، ڕێژەی 35%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا رێژەی 10%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

جەهەپە بەتەنیا ماوەتەوە

لەسەر مێزی شەشقۆڵی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی رابردووی تورکیا، هاوپەیمانی میللـەت بۆ رکابەریکردنی ئەردۆغان پێکهات کە جەهەپە سەرۆکایەتی دەکرد بەڵام ئەمجارە بەهۆی جیابوونەوەی لایەنەکانی ئەو هاوپەیمانیەتییە لە پەرلەمان بۆ فراکسیۆنی جیاواز، پێدەچێت جەهەپە رووبەڕووی ئاستەنگی بەدەستهێنانەوەی دەنگەکانی پێشتری ببێتەوە.

پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) هەرچەندە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2023، کۆنگرەی گشتی پارتەکەی ئەنجامدرا و کەمال کڵچدارئۆغڵوی سەرۆکی پارتەکەیان دوای 13 ساڵ دوورخستەوە و ئۆزگوور ئۆزێل شوێنی گرتەوە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە دابەشبوونی دەنگی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرژەوەندی ئاکپارتی و مەهەپەیە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی ئایاری رابردوو، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئاییندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێنا و دواتر زۆربەی ئەو پارتانە جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند، هەرچەند لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش ئیی پارتی هاوپەیمانی جەهەپە بوو بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کێبڕکێی یەکدی بوون.

بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵیش، جەهەپە دوای بێهیوابوونی لە ئیی پارتی و دڵنیانەبوون لە بنکەی جەماوەری پارتەکانی دیکە، تەنیا ئومێدی بە دەنگی دەم پارتی هەیە بەتایبەتی لە ئیستانبوڵ هاوپەیمانی لەگەڵدا بکات و ئەو پارتە کاندیدی نەبێت بۆ ئەوەی دەنگی کوردەکان بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو مسۆگەربکات لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی گەورەترین شاری تورکیا بمێنێتەوە.

ئەگەرەکانی بەردەم دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە بەردەم سێ ئەگەردایە بۆ ئەوەی بەشداریکردن ئەوانیش، هاوپەیمانی کردن لەگەڵ جەهەپە یان ئاکپارتی و ئەگەری سێیەمیش بەشداریکردنە بەشێوەی سەربەخۆ و پشتیوانی لە کاندیدی هیچ لایەنێکی دیکە نەکات.

پێشتر گوتەبێژی دەم پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، پێشنیازکراوە لە هەموو پارێزگاکان بە کاندیدی خۆیان بەشداری بکەن و دەیانەوێت ئەو شارەوانییانەی کە لە هەڵبژاردنی رابردوو تێیدا سەرکەوتووبوون و ئێستا لەلایەن قەییومەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، جارێکی دیکە وەربگرنەوە.

ئۆزگوور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە لە (13ـی کانوونی یەکەمی 2023) بە فەرمی سەردانی بارەگای دەم پارتی کرد و لەگەڵ هەریەکە لە تولای هاتمئۆغڵولەری و تونجەر باکیرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی لێکنزیکبوونەوە نێوانیان کرد. بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکبوونەوەی ئاکپارتی و دەم پارتی بۆ هاوپەیمانیکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تەنیا دەنگۆیە و هیچ پەیوەندی و کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە نێوان هەردوولادا ئەنجامنەدراوە.

بۆیە ئەگەر جەهەپە نەچێتە ژێرباری داواکارییەکانی دەم پارتی، ئەوا پێناچێت بگەنە رێککەوتن و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا هەردوو پارتەکە بە جیا کاندیدی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەم پارتی چاوی لەوەیە دەنگدەرانی خۆی لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان ئاشتبکاتەوە و ئامانجەکانی خۆی لەو شارەوانییانە نەکاتە قوربانی ئەو شارەوانییانەی کە بردنەوە تێیاندا بۆ دەم پارتی مەحاڵە.

دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا

پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) کە دواتر داخرا و لە شوێنی ئەو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دامەزرا،  لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2011ـدا بە بەدەستهێنانی 6.4 ـی دەنگەکان توانی 34 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا مسۆگەربکات. لەوکاتەدا، بەدەپە بەهۆی بەربەستی یاسایی پەرلەمان لەرێگەی کاندیدانی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان کرد بۆیە ژمارەی دەنگەکان بەگوێرەی پێویست نەبوو، بە یەک لیستی دەیتوانی دەنگی زیاتر بەدەستبێنێت.

هەڵبژاردنەکانی 7ـی حوزەیرانی ساڵی 2015 و بەدیاریکراوی کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگەکانی بکاتە دوو هێندە و 80 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ساڵی 2018 کە ئەوکات پرۆسەی ئاشتی شکستیهێنابوو، هەروەها لە رۆژئاوای کوردستانەوە تاوەکو خواکورک شەڕێکی بەرفراوان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەرپاببوو، لەو کاتەدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و هەدەپە دەنگەکانی کەمکرد، بەشێوەیەک لە کۆی گشتیدا 13 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەچاو هەڵبژاردنی پێشتر لەدەستدا.

هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە) بەهۆی مەترسی داخستنی پارتەکەی، بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2023 کرد و بووە خاوەنی 61 کورسی لە خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018ـەدا، هەدەپە رێژەی 11%ـی دەنگ و 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمساڵ، ژمارەی دەنگەکانی هەدەپە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. کە لەژێر ناوی پارتیی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کرد و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەگەڵ لایەنە چەپەکانی تورکیا، لە هەموو پارێزگاکان کاندیدیان هەبوو. بەو پێیەش لە کۆتاییهاتنی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تاوەکو ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ، واتە 19 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەدەستداوە.

لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 کە گفتوگۆکانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لەئارادابوو، پێگەی هەدەپە لە شانۆی سیاسی تورکیا، ژمارەیەکی کاریگەربوو بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان، تا گەیشتن بە داواکردن بۆ بەشداریکردن لە پێكهێنانی حکومەت.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاش، هەدەپە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، هەروەها لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنیشدا کە لە 28ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، پشتیوانییان لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کرد لەبەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار کە لە ئەنجامدا، ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023 سوێندی یاسایی خوارد و کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند.

بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

لە ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار کورد لە رێگەی پارتی دیموکراتی گەل (هادەپ) بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرد و توانی زیاتر لە ملیۆن و 100 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و 37 شارەوانی لە باکووری کوردستان بردەوە، بەو ئەنجامەی بەدەستیشی هێنا، هادەپ بووە حەوتەمین پارتی جەماوەری لەسەر ئاستی هەموو تورکیا.

هادەپ کە لە ساڵی 1997 دامەزرابوو، ساڵی 2002 بە بڕیاری دادگای دەستووری تورکیا داخرا، رێکخستنەکانی ئەو حزبە لەژێر ناوی پارتی گەلی دیموکرات (دەهەپە) خۆیان رێکخستەوە و پارتێکی سیاسیی نوێیان دامەزراند.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2004ـیش دەهەپە لەگەڵ پارتی سۆشیال دیموکراتی گەل بەشداری کرد و توانی ملیۆنێک و 660 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و لە 64 شارەوانی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام هەر لەو ساڵەدا ئەو پارتەش داخرا و ساڵی 2005 پارتی کۆمەڵگەی دیموکرات (دەتەپە) شوێنی گرتەوە.

دەتەپەش لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2009 بەشداری کرد و دەنگەکانی گەیاندە دوو ملیۆن و 277 هەزار دەنگی بەدەستهێنا و 96 شارەوانی بردەوە و بووە چوارەم پارتی سیاسیی جەماوەری لەسەر ئاستی هەموو تورکیا.

دوای داخستنی دەتەپەش، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2014، پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بەشداریکرد کە لە ساڵی 2008 دامەزرابوو، ئەویش توانی رێژەی دەنگەکانی بەرزبکاتەوە و 102 شارەوانی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجاریش سیستمی هاوسەرۆکییان لە شارەوانییەکانی باکورری کوردستان جێگیرکرد.

لە پێنجەم ئەزموونی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، لە ساڵی 2019، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریکرد کە لەوکاتەدا خاوەنی 67 کورسی بوو لە پەرلەمانی تورکیا و سێیەم پارتی سیاسیی جەماوەری بوو لەسەر ئاستی تورکیا، بەڵام دەنگەکانی لەسەر ئاستی شارەوانییەکان کەمیکرد و لە 68 شارەوانییدا براوەبوون.