ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق لەبارەی بودجە و مووچە بچێتە بەغدا.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 6/1/2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

گوتیشی: "سبەی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەسپێدەکات".

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەبێت لەمساڵدا.

پێشتر پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاندبوو، ئەم هەفتەیە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجە و مووچە ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا و گوتیشی: شاندەکە بۆ چاره‌سه‌رێكی یه‌كجاره‌كی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه‌.

ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە‌غدا دەبێتە یەکەم سەردانی ساڵی 2024 بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی ساڵی رابردوو لەبارەی پرسە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی.