د. غازی فەیسەڵ: هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا پەیوەندی بە شەڕی غەززەوە نییە

"دەیانەوێت ئەمەریکا لە عێراق دەربکەن"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان رایگەیاند: هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا، پەیوەندی بە شەڕی غەززەوە نییە، بەڵکو دەیانەوێت ئەمەریکا لە عێراق دەربکەن.

د. غازی فەیسەڵ، بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە کالیفۆرنیا لە میانی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "بە بڕوای من ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق پەیوەندی بە شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە نییە، ئەو گرووپەی کەناویان لەخۆیان ناوە بەرەی موقامەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، چەند جارێکیش باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان لە بەغدا کردووەتە ئامانج، هەروەها راوێژکارانی ئەمەریکایان لە عەین ئەسەد و هەریر کردووەتە ئامانج، چەند ناوچەیەکیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج کە ناوچەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتی مەدەنین، بۆیە پێم وایە ئەو هێرشانەی ئەو گرووپانە مەبەست لێی دەرکردنی ئەمەریکایە لە عێراق، پەیوەندی بە شەڕی غەززەوە نییە".

گوتیشی: "ئامانجی ستراتیژی ئێران ئەوەیە عێراق بکاتە مەیدانێک بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی و رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا، چونکە ئەمەریکا دەیەوێت لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی دەسەڵاتداربێت، بۆیە ئامانجی ئەوانەی پێیان دەڵێن بەرەی موقامەوە تەنیا ئەوەیە ئەمەریکا عێراق جێبهێڵین".

د. غازی فەیسەڵ، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمەریکا نایەوێت هێرشەکانی چڕ و فراوانتر بکات، لە کاتێکدا ئەو کارانەی حوسییەکان دەیکەن لە دەریای سوور مەترسیدارە و هەندێک جار پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەش هەیە، بەڵام ئەمەریکا نایەوێت شەڕەکە گەورەبێت".

راێشگەیاند: "لەو بڕوایەدا نیم ئەمەریکا بە ئاسانی عێراق جێبهێڵێت، چونکە هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ستراتیژی لە عێراقن، لە ساڵی 2008 نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکا واژۆکردووە، بۆ مانەوەی هیزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، کەواتا ئەمە بە یاسا کراوە، تەنیا دەتوانن بە یاسا دەریان بکەن، ئەوە بە دانوستان و گفتوگۆی درێژخایەن دەکرێت، ئەمەریکا کۆمەڵێک ئامانج و پێگەی ستراتیژی لە عێراق هەیە و پێویستی بەو وڵاتەیە بۆ کارە ستراتیژییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باوەڕناکەم ئەمەریکا عێراق جێبهێڵێت، پێم وانییە ئەو بانگەشانەی گرووپە چەکدارەکان دەیکەن ناچێتە بەرژەوەندی عێراق، بەڵکو لە بەرژەوەندی ستراتیژی ئێرانە".