بەڕێوەبەری ناحیەی ئەڵقوش: زۆرینەی گەنجەکانمان بێکارن

لارە یوسف، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەڵقوش
لارە یوسف، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەڵقوش

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری ناحیەی ئەڵقوش رایدەگەیەنێت، زۆرینەی گەنجانی دانیشتووی ناحیەکە بێکارن و، حکومەتی عێراقیش هیچ پلانێکی بۆ دامەزراندنیان نییە. دەشڵێت، "هاووڵاتییانمان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن".

ئەمڕۆ شەممە، 06-01-2024، لارە یوسف، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەڵقوش، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هاووڵاتییانی ناحیەکە و دەوروبەری بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن و پێویستە ئەم کێشەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەر بکرێت".

 وەکو ئەوەی لارە یوسف باسی کرد، "گەیاندنی تەواوی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەڵقوش کارێکی ئاسان نییە و کاتێکی زۆری دەوێت. پێویستە بودجەیەکی زیاتر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناحیەکە تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی کێشەی هەموو هاووڵاتییان چارەسەربکرێن".

بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، "لە ماوەی رابردوودا بودجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەڵقوش تەرخانکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی زیاتر لە 40 گوند لە سنووری ناحیەکە هەن و زیاتر لە چوار پێکهاتەی جیاواز تێیدا دەژین، نەمانتوانی وەکو پێویست خزمەتگوزارییەکان بگەیەنینە هەمووان".

ناحیەی ئەڵقوش دەکەوێتە سەر بە قەزای تلکێف لە پارێزگای نەینەوا. دەکەوێتە رۆژئاوای باشووری کوردستان و سەر بە ماددەی 140ـی دەستووری عێراقە.

بەڕێوەبەری ناحیەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، "رێژەی بێکاری لە ئەڵقوش زۆر زیادبووە و حکومەتی فیدراڵی هیچ پلانێکی بۆ دامەزراندنی گەنجانی ناوچەکە و گەنجانی دیکەی عێراق نییە".

لە ساڵی 2015 هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر سەرپەرشتیی راستەخۆی سەرۆک بارزانی، ناحیەی ئەڵقوش و دەوروبەریان لە چەکدارانی داعش ئازاد کرد. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت.

بە گوتەی لارە یوسف، "ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە لە ئەڵقووش نەبوونایە، بارودۆخە ئەمنییەکەی زۆر خراپ دەبوو. لەبەر ئەوان ئێستا ئێمە بە ئارامی دەژین. سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پاراستنی خەڵکی ناوچەکە؛ بەهۆی پێشمەرگەوە ناحیەکەمان لە پارێزراوترین شوێنەکانی عێراقە".