مەروان فەرزاد: سوریا بۆتە کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی حەبی کپتاگۆن بۆ ناوچەکە و جیهان

مەروان فەرزاد
مەروان فەرزاد

K24 – هەولێر :

رۆژنامەوان و نووسەرێکی سوریا ئاشکرای دەکات، سوریا بۆتە کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر، بەتایبەتیش حەبی کپتاگۆن کە رەوانەی وڵاتانی کەنداوی دەکات، بۆ ئەوەی گروپەکان دژی وڵاتانی کەنداو پارەدار بکات.

ئەمڕۆ شەممە ( 6-ی کانوونی دووەمی 2024)،مەروان فەرزاد نووسەر و رۆژنامەوان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سوریا بۆتە کارگەیەکی گەورەی حەبی کپتاگۆن لە تەواوی جیهان نەوەک تەنها لە ناوچەکەدا، ئاشکرای دەکات، هەموو ئەو ماددە هۆشبەرانە لەنێو خاکی سوریا بەرهەمدەهێنرێن بەجۆری کریستیاڵیشەوە، بەڵام ماددەی هەرە زۆری هۆشبەر کە لە سووریا بەرهەمدەهێنرێت، حەبی کپتاگۆنە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەنووسە سورییە، سوریا  حەبی کپتاگۆن رەوانەی ئیمارات، عەرەبستانی سعودیە و، عێراق و لیبیا، ئەوروپا، رۆژهەڵات، تورکیا و ئەردەن دەکات،  هێشتا لەباڕی نوێش دەگەڕێن، دەشڵێت: باشترین بازاڕ بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و حەبی کپتاگۆن، کەنداوی عەرەبییە.

لەبارەی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ پەرەدان بە بازارگانیی ماددەی هۆشبەر، مەروان فەرزاد ئاشکرای دەکات، حکومەت بەرپرسیارەتیی ئەو بازرگانییە هەڵدەگرێت لە سوریا، بەتایبەت ماهیر ئەسەد و سامیر ئەسەد، مونزر ئەسەد، حافز ئەسەد، کوڕەکانی تەڵال ئەسەد، دەڵێت: ئەو ماڵباتە بەخۆیان سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر و حەبی کۆپتاگۆن دەکەن، ئەوەش دەبێتە داهاتێک بۆ رژێمی سوریا.

وەک ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بۆ کرد، بە فەرمانی بەشار ئەسەد ساڵی 2011، دوو کارگەی دروستکردنی حەبی کۆپتاگۆن دروستکراوە بۆ بەرهەمهێنانی حەبی کپتاگۆن و هەناردەکردنی بۆ عەرەبستانی سعودیە، چونکە ئەو وڵاتە پشتیوانی شۆڕشی سوریای کردووە، کاری ئەو دوو کارگەیە بەرهەمهێنانی حەبی کپتاگۆنە بۆ ئەو  وڵاتە، دەشڵێت:  لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئابووری سوریا زۆر خراپ بووە، ئێستا سوریا زیاتر پشت بە بەرهەمهێنانی حەبی کپتاگۆن و ماددەی هۆشبەر دەبەستێت، بۆ ئەوەی داهاتی باشی دەستبکەوێت و چەکی پێ بکڕێت، لەپێناو ئەوەی پشتیوانی دارایی گروپەکان بکات بۆ ئەوەی دژی وڵاتانی کەنداو بەکاریان بێنێت.

بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان تەواوی هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ و لەرێی داگاکانەوە سزای توندی بۆ بازارگانان داناوە، لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی دەوروبەر هەوڵی ڕژد دەدەن لەو ریگەیەوە زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەشت هەزار و 894 کەس بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 1849 کەسیان بازرگان بوون و کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.

وەک لە ئاماری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر روونکراوەتەوە، چوار هەزار و 460 تۆمەتبار دادگایی کراون و سزادراون دواتر رەوانی چاکسازییەکان کراون، هەروەها بڕی 1،759 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ 2،272 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 66،326 شیت حەبی هۆشبەر.