چین سزای بەسەر پێنج کۆمپانیای سەربازی ئەمەریکادا سەپاند

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی چین سزای بەسەر پێنج کۆمپانیای سەربازی ئەمەریکی سەپاند کە چەکیان بۆ تایوان دابین دەکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7-1-2024، وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمەریکا پرەنسیپی "یەک چین" و سێ بەیاننامەکەی چینی- ئەمەریکی پێشێلکرد، بە بیانووی جۆراوجۆر چەکی بە تایوان فرۆشتووە بۆ سەپاندنی سزای تاکلایەنە بەسەر کۆمپانیا و کەسانی چینیدا، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە سەروەری چین و بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری گەیاندووە، هەروەها لە گەرووی تایوان، پێشێلکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا چینییەکان و گەلی چینی دەکات".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییە جددیانەی باسکراون و بەپێی یاسای دژە سزاکانی چین، چین سزای بەسەر پێنج کۆمپانیای کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی ئەمەریکادا سەپاندووە کە بریتین لە "بی ئەی ئی سیستەمس لاند ئاند ئەرمامێند، ئالیەنت تێک سیستەمس ئۆپەرەیشن، ئایرۆ ڤایرۆمێنت، ڤیا سات و داتا لینک سۆلۆیشن".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سزاکان بریتین لە بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئەو کۆمپانیایانە لە خاکی چین و رێگریکردن لە رێکخراو و کەسانی چین لە هەر مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی ئاماژەیان پێکراوە.

حکومەتی بایدن پێشووتر رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 80 ملیۆن دۆلاری وەک دارایی سەربازی بیانی بۆ پاڵپشتیکردنی تایوان دەربڕیووە.

دوێنێ شەممە، 6-1-2024، وەزارەتی بەرگری تایوان، چینی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەڕەشە لە سەلامەتی فڕۆکەوانی دەکات و "شەڕی دەروونی" دژی گەلەکەیان ئەنجام دەدات، دوای ئەوەی لەم دواییانەدا ژمارەیەکی زۆر باڵۆنی لەنزیک دوورگەکە هەڵداوە.

ئەو گرژییانە لەکاتێکدایە بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تایوان لە 13ـی 1ـی 2024 بەڕێوەبچێت، لە کاتێکدا چین تایوان بە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.